Accessibility links

سەرۆکی ئێران بەرنامەی نوێی ناوکی ئەمەریکا بە هەڕەشە بۆ سەر ڕوسیا دادەنێت


ئێران لە ڕۆژی یەکشەممە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تاوانبار کرد بەوەی کە بە چەکی نوێی ئەتۆمی هەڕەشە لە ڕوسیا دەکات پاش ئەوەی واشنتۆن بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا بەرنامەکانی بۆ فراوانکردنی توانایی ناوکی خۆی زیاد دەکات و بەربەست بۆ ئەوانی تر دادەنێت.

پێداچوونەوە بەسەر ڕێبازی ناوکی ئەمەریکا کە لە ڕۆژی هەینی بڵاو کراوەتەوە بوو بە مایەی نیگەرانکردنی ڕوسیا، کە بڵاوکراوەکە وەکو ئاستەنگێکی مەترسیدار دەبینێت کە ڕەنگە ببێتە مایەی زیادبوونی مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو زلهێزی جیهان.

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی، کە لە ساڵی 2015 ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا لە ناویاندا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە وتارێکدا گوتی " ئەمەریکا بە شێوەیەکی بێشەرمانە بە چەکی نوێی ئەتۆمی هەڕەشە دەکاتە سەر ڕوسیا."

ڕۆحانی گوتیشی " هەمان خەڵکانی کە گوایە بڕوایان بەوەیە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژ تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، باسی چەکی نوێ دەکەن بۆ ئەوەی هەڕەشە لە نەیارەکانیان بکەن یان دژیان بەکاری بهێنن."

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هۆشداری دا بڵاوکراوەکەی ڕێبازی ئەمەریکا دەبێتە مایەی مەترسی بۆ نزیک کردنەوەی مرۆڤایەتی لە لەناوبردنی تەواو.

لەشکری ئەمەریکا ڕووبەڕووبوونەوەی چین و ڕوسیای کردە نێوەندی ستراتیژی بەرگری نوێی کە لە سەرەتای ئەم مانگە ئاشکرای کرد و ئەرکی سەرەکی شەڕی دژ بە داعش گۆڕا بەوە.

بە پێی وتەکانی کاربەدەستانی ئەمەریکا بە زیادکردنی بە فراوانکردنی تواناییە ناوکییەکەی خۆی بە ئاستێکی کەم، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپەرچی ڕوسیا دەداتەوە لەوەی چەکی ناوکی بەکاربهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند زۆر نائومێد بوو بەرامبەر بە ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکە، کە پێی وایە ڕووبەڕووبونەوەو دژی ڕوسیایە.

XS
SM
MD
LG