Accessibility links

هێزی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان زیاد دەکات


بە پێی ڕاپۆرتان نزیکەی 200 کەسی سیڤیل بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی حکومەتی سوریا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی باکوری ڕۆژئاوای ئیدلب لە ماوەی 37 ڕۆژی ڕابوردوودا کوژراون. ئەمەش دووا ناوچەیە لە ژێر دەستی ئەو سەرهەڵداوانەدا ماوە کە شەڕ بۆ ڕووخانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد دەکەن.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا، کە پشت بە زانیارییەکانی خەڵکی ناوچەکە دەبەستێت، دەڵێت نزیکەی 50 منداڵ و 36 ژنیش لە نێو ئەو خەڵکە سیڤیلەن کە کراون بە ئامانجی هێرشەکان. هەروەها دەشڵێت لە هێرشەکاندا بنکە تەندروستیەکان و بازارەکانیش کراون بە ئامانج.

چالاکوانانی سیاسی دەڵێن هەتا ئێستا زیاتر لە 96 هێرشی ئاسمانیان تۆمارکردووە، کە هەندێکیان هەڵدانی بۆمبی بەرمیلی بووە لە باشور و ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدلب.

گرتەی ڤیدیۆیی کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە پشێوی و ئاڵۆزییەکانی پاش هێرشێکی ئاسمانی لە بازارێکدا نیشان دەدات.

چالاکوانان دەڵێن هەلیکۆپتەرەکانی حکومەت ڕۆژی چوارشەممەش بۆمبی بەرمیلیان هەڵداوە بۆ گوندەکانی تەلعیس سولتان و بەریسا. ئەنجومەنی خۆجێهی سەراقیب ڕایگەیاند شارۆچکەکە زیانێکی زۆری بەهۆی هێرشەکانی حکومەتی سوریا و فڕۆکە جەنگیەکانی ڕوسیاوە لێکەوتۆتەوە. ئەنجومەنەکە دەڵێت زۆربەی دامودەزگا سیڤیلیەکانی سەراقیب لە ناویاندا نێوەندە تەندروستی و نانەواکانیش لە ناوبراون.

بەهۆی ئەو هێرشانەی حکومەتەوە کە بۆ چەندین هەفتەیە بەردەوامە دەیان هەزار کەس ناچار بوون هەڵبێن بەرەو ناوچەکانی سەر سنوری تورکیا.

XS
SM
MD
LG