Accessibility links

سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری دەدات بە تورکیا لەسەر هێرشەکانی عەفرین


سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆن هۆشداری دا بە تورکیا کە هێرشەکانی دژ بە شەڕڤانە کوردەکان لە باکوری سوریا نابێت ببێت بە بیانویەک بۆ داگیرکردنی وڵاتەکە و گوتیشی دەیەوێت ئانکەرە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانیدا بکات.

هەفتەی ڕابوردوو تورکیا هێرشێکی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە تیایدا شەڕڤانانی یەپەگەی لە کانتۆنی عەفرین کردۆتە ئامانج. ئەمەش بەرەیەکی نوێی لە شەڕی ناوخۆی 7 ساڵەی سوریا دروست کردو هەروەها پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆدا ئاڵۆز کرد.

لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆ فیگارۆ کە لە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوبۆتەوە، ماکرۆن دەڵێت " ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ببێت بە هەر شتێکی زیاتر لە شەڕی دژ بە هەڕەشەی تیرۆرستی لە سەر سنوری تورکیا و ببێت بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ داگیر کردن، ئەو کاتە دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆمان."

سەرۆک وەزیری تورکیا بینالی یەلدەرەم بەرگری لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکات و دەڵێت تەنها بە مەبەستی پاراستنی باری ئاسایشی وڵاتەکەی و پاراستنی، عەرەبەکان، کوردەکان و تورکومانەکانە لە ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان.

لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری لە ئانکەرە یەلدەرەم گوتی " ئەگەر فەرەنسا ئەم مەسەلەیە وەکو ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکاری لێک دەداتەوە، دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ئەوان بکەین کەلە سوریا کردویانە."

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا چەکیان داوە بە یەپەگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانیشیان پێیان کردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش لە سوریا.

ماکرۆن گوتوشیەتی ئەو جارێکی تر لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باس لەم مەسەلەیە دەکات و دەبێت شێوازی ئۆپەراسیۆنەکە ببێت بە بابەتی وتووێژی نێوان ئەوروپاییەکان بە گەشتی و هاوپەیمانان بە تایبەتی.

XS
SM
MD
LG