Accessibility links

پرۆسەی گەڕانەوەی موسوڵمانە ڕۆهینگاکان لە بەنگلادێشەوە بۆ میانمار دووا دەخرێت


بەنگلادێش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، پرۆسەی گەڕانەوەی لەسەرخۆی زیاتر لە 680 هەزار پەنابەری موسوڵمانی ڕۆهینگا لە بەنگلادێشەوە بۆ میانمار کە بڕیار بوو لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێبکات دوواخراوە بەهۆی ئەو مەترسییەی کە ڕەنگە بە زۆرەملێ بگێڕدرێنەوە. بەڵام میانمار هەتا ئێستا ئەم ڕاگەیاندنەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئەم پەنابەرانە لە مانگی هەشتی ڕابوردۆوە ڕوویان کردە بەنگلادێش، پاش شەپۆلی هێرشەکانی لەشکری میانمار بۆ سەریان.

پاش ئەوەی هەردوو وڵاتی میانمار و بەنگلادێش ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد بۆ ئەوی دەستبکەن بە گێڕانەوەی خەڵکەکە بە شێوەیەکی پارێزراو بۆ میانمار پرۆسەکە بوو بە جێگای پرسیاری بۆ زۆربەی کارمەندانی مرۆیی نێونەتەوەیی و خودی پەنابەرە ڕۆهینگاکانیش تریس ئەوەیان هەبوو کە فشاریان لێ بکرێت بگەڕێنەوە ئەو گوندانەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر لێی هەڵاتبوون.

عەبدول کەلام بەرپرسی پرۆسەی گێڕانەوەی پەنابەرانی بەنگلادێش دەڵێت، ژمارەیەک کێشە هەن هێشتا چارەسەر نەکراون.

کەلام دەڵێت " گرنگترین شت ئەوەیە کە دەبێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بێت". گوتیشی هەتا ئێستاش بەڵگەنامەکان دیاری نەکراون بۆ ئەوەی خێزانەکان دەچنە کام کەمپی پانبەرانەوە و هێشتا ڕوونیشن نییە پرۆسەکە چۆن دەستپێدەکات.

سەید نوور کە لەگوندەکەی خۆی لە میانمار هەڵاتووە بە ئاژانانسی ئەسۆشیەیتدی گوتووە " ئەگەر بیانەوێت بە زۆر بمانگێڕنەوە ئەوا من ناڕۆمەوە." گوتوشیەتی دەبێت کاربەدەستانی میانمار مافەکانمان بۆ بگەڕێننەوە و دادپەروەرانە مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن. هەروەها نوور دەشڵێت " پێویستە هەمو سامانەکانمان بدەنەوە کە خۆیان تاڵانیان کردو خەڵکی تریان پێ تاوانبار دەکرد. دەبێت قەرەبومان بکەنەوە، ئێمە بۆیە هاتوینەتە ئێرە تا بۆ ئەو مافانەمان شەڕ بکەین ئەگەر هەمو ئەو شتانەمان بۆ نەگەڕێننەوە جا بۆ ئێمە بچینەوە؟"

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئێستادا نزیکەی 688 هەزار پەنابەری ڕۆهینگا لە بەنگلادێشدان. ئەمانە هەموی بەهۆی توندوتیژییەکانی هەرێمی ڕاخاین لە مانگی هەشتی ڕابوردۆوە هەڵاتن بۆ ناو بەنگلادێش.

XS
SM
MD
LG