ڕێبەری زۆرینە لە سینات مچ مککانەڵ کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەی دیاری کردووە بۆ دەنگدان لەسەر کۆتایی هێنان بە پەکخستنی کاروبارەکانی حکومەتی ئەمەریکا.
یاسادانەران دەنگ لەسەر بڕیارێک دەدەن بۆ پەسەند کردنی بودجەی حکومەت بۆ بەلایەنی کەم سێ هەفتەی تر.
ڕێبەران و ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەمو ڕۆژی یەکشەممەیان بە کۆبونەوەو مشتومڕکردن بەسەر برد تا هەوڵ بدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر یاسای کۆچبەری کە بوو بەهۆی داخستنی کارەکانی حکومەت.
بەڵام هەتا ئێستا ڕوون نییە چەندێک لەو بوارەدا پێشکەوتنیان کردووە.
سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە سوزەن کۆلیینس یاسادانەری مەین کە کۆمارییەکی میانەڕەوە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند گروپێکی 22 لە هاوکارانی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکە دەدەن.
لینزی گراهمی نوێنەری کارۆلاینای باشور کە ئەویش کۆمارییە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند ڕێبەری زۆرینەی سینات مچ مکانەڵی کۆماری دەبێت لەوە تێبگات کە پاش پەسەند کردنی بودجەی کاتیش، جارێکی تر مەسەلەی یاسای کۆچبەری دێتە ئاراوە بۆ پەسەند کردنی تەواوی بودجە.
هەفتەی ڕابوردوو بودجەی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەن کرا بەڵام کاتێک ڕەوانەی سینات کرا لەلایەن دیموکراتەکانەوە ڕەت کرایەوە. دیموکراتەکانی سینات هەوڵ دەدەن ئەوە مسۆگەر بکەن کە ئەو کەسانەی لە ئەمەریکا دەرنەکرێن کە بە شێوەیەکی نایاسایی بە منداڵی هێندراونەتە نێو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.
کۆمارییەکانیش دەڵێن تا کاروبارەکانی حکومەت نەکرێتەوە ئەوان تاوتوێی هیچ یاسایەکی کۆچبەری ناکەن.
هەر لایەنەو ئەوی تر تاوانبار دەکات بۆ پەکخستنی کاروبارەکانی حکومەت.
چەندین جار بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر پەسەند کردنی بودجە، بەشێک لە کارەکانی حکومەت پەک خراوە، نوێترینیشیان لە ساڵی 2013 بوو کە بۆ ماوەی 16 ڕۆژ بەشێک لە کارەکانی حکومەت داخران بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر رێبازی خزمەتگوزاری تەندروستی. نزیکەی 850 هەزار کارمەندی حکومەتی فیدراڵی کارەکانیان ڕاگیرا.