Accessibility links

بەشێک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر تورکیا


ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە تیایدا باس لە پێشێلکارییەکانی 90 وڵاتانی لە سەرانسەری جیهاندا کردووە باسە لە مافەکانی مرۆڤ لە تورکیاش دەکات.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ریفراندۆمەکەی مانگی 4 ی 2017 ، کە تیایدا دەنگدەران بە جیاوازییەکی ئاستەم گۆڕانکاری دەستوریان پەسەند کرد کە تورکیای گۆڕی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی ئەمەش گەورەترین گۆڕانکاری سیاسی بوو لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابوردوودا.

ئەم ریفراندۆمە لە باری نائاسایی وڵات ئەنجام درا کە حکومەت لە پاش هەوڵی کودەتاکەوە ڕایگەیاندبوو و هەروەها لە ژینگەیەکدا بوو کە کۆتوبەندی ئێجگار زۆر خرابۆ سەر میدیا ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەوان و ئەندامە پەرلەمانەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە کوردەکان دەستگیر کرابوون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت سیستمی نوێی سەرۆکایەتی گورزێکە بۆ مافەکانی مرۆڤ و فەرمانی یاسا. لەو کاتەی کە باری نائاسایی لە وڵاتەکە ڕاگەیەندرا لە ئەنجامی کودەتا سەرنەکەوتووەکە کۆمەڵێک هەنگاو نرا کە سەرپێچی کردن بوو لە مافەکانی مرۆڤ و پێچەوانەی مافە گەردوونیەکای مرۆڤ بوون.

فەرمانبەران بەبێ هیچ پرۆسەیەک لە کارەکانیان دەردەکران و زیاتر لە 110 هەزار کەس لە کارەکەی دەرکرا. سەدان دەزگای ڕاگەیاندن، ڕێکخراو، نەخۆشخانەی تایبەت و خوێندنگە لەلایەن حکومەتەوە داخران. خەڵکی بە بیانوی تاوانی تیرۆرستی بە هەڕەمەکی دەستگیر کران.

سەبارەت بە ئازادی بیروڕاو ڕادەربڕین ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر تورکیا دەڵێت، دادگایی کردن و زیندانی کردنی ڕۆژنامەوانان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی خۆیان بەردەوامە لە پاش داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش. دەڵێت تورکیا ڕێبەری جیهانە لە زیندانی کردنی ڕۆژنامەوان و کارمەندی میدیاییدا لەکاتێکدا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی تاوان و دادگایی کردنیش دەبنەوە. زۆربەی ڕۆژنامەکان و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی تورکیا ئازاد نین و ڕێبازەکانی حکومەت پەرە پێدەدەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە ساڵی 2017 ڕۆژنامەوانە کوردەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا و دەستگیر دەکران بە تاوانی پەیوەندییان بە پەکەکەوە. دەیان ڕۆژنامەوان و کەسایەتی ناوداری کە بەشداریان کرد لە هەڵمەتی هاوسۆزی دەربڕین بۆ ڕۆژنامەی ئۆزگویر گوندم، کە ئێستا داخراوە، دادگایی کران بە تاوانی پروپاگەندە کردن بۆ تیرۆرسم. هەندێکیان سزای زیندانی دران و هەندێکیشیان سزای دارایی. لە مانگی 5 دا دادگایەکی ئەستەنبوڵ سزای 18 مانگ زیندانی سەپاند بەسەر مورات چلیکانی ڕۆژنامەوان و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی. پاش دوو مانگ ئازاد کرا.

سەبارەت بە دەستپێکردنی ناکۆکییەکان و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی کورد ڕاپۆرتەکە نوسیویە، هاوشێوەی دەستپێکردنەوەی پێکدادانی نێوان لەشکر و پارتی کرێکارانی کوردستان، حکومەت ئەندامە پەرلەمانە هەڵبژێردراوەکان و شارەوانەکانی پارتی سەر بە کوردەکانی سەرکوت کرد.

لە ساڵی 2017 دا نزیکەی 13 ئەندامی باڵای هەدەپە بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرسم دەستگیر کران، دوان لەوانە هاوسەرۆکی پارتەکە سەلاحەتین دمیرتاش و هاوسەرۆکی پێشوو فیگان یوکسیکداغ بوو. ئەوان لە مانگی 11 ساڵی 2016 وە لە زینداندان.

XS
SM
MD
LG