Accessibility links

ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی ئێران


ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران دەڵێت دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامە لە سزای مەرگ بەسەر کەسەکاندا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە ئێران هەتا 27 ی مانگی 11 ی 2017، 476 کەسی لەسێدارە داوە. لە ناویاندا 5 کەسیش کە سزای مەرگ درابوون بەهۆی تاوانەکانی کە گوایە منداڵ بوون لە کاتی ئەنجامدانیدا.

لە 13 ی مانگی 8 دا پەرلەمانی ئێران بەندێکی دەستووری پەسەند کرد بۆ یاسای بەنگ و موخەدەراتی وڵاتەکە کە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ تاوانەکانی دژ بە بەنگ و موخەدەرات بوو. شورای نیگەهبانی ئێران ئەو بەندە دەستورییەی لە مانگی 10 دا پەسەند کرد و لە 14 ی مانگی 11 چووە بواری جێبەجێ کردنەوە. لە 21 ی مانگی 11 داواکاری گشتی تاران عەباس جەعفەری دەولەتئابادی گوتی 3 هەزارەو 300 کەسی کە بە هۆی بەنگە و موخەدەرات تاوانبار کراون بە پێی ئەو یاسا نوێیە داوای پێداچوونەوەیان کردووە. یاسای ئێران کردارەکانی وەکو بێڕێزی کردن بە پێغەمبەر، پەیوەندی هاوڕەگەزخواز، پەیوەندی سێکسی بێ هاوسەرگیری و چەندین شتی تری نا توندوتیژ بە تاوان دادەنێت کە سزاکەی مەرگە.

سەربارەت بە دادگاکانیش ڕاپۆرتەکە دەڵێت دادگاکانی ئێران بە تایبەتی دادگاکانی شۆرش، بە بەردەوامی دادگاییەکی ڕەوا ناکەن و ئەو دانپیانانانە وەکو بەڵگە بەکار دەهێنن کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بەدەستهاتوون. کاربەدەستان بە شێوەیکی ڕۆتین ڕێگری دەکەن لە زیندانییەکان کە دەستیان ڕابگات بە پارێزەر.

چەندین کەس بە تاوانی مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانی زیندانی کراون کە تەنانەت دەستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستیش ڕاناگات. لە مانگی 8 دا کاربەدەستانی ئێران ڕیگەیان نەدا ئارش سادقی تەمەن 30 ساڵی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە کاتێک دووچاری گرفتی هەرسکردن ببو بەهۆی ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر مانی لە خواردن گرتبوو. زەینەب جەلالیان کە زیندانییەکی کوردە و سزای زیندانی هەتا هەتایی دراوە و لە گرتووخانی خوی لە ڕۆژئاوای هەرێمی ئازەربایجان دانراوە، بە پێی ڕپۆرتان دەستبەجێ پێویستی بە چارەسەرکردنە بۆ چاوی. لە ساڵی 2017 دا چەندین زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا مانیان گرت بۆ نارەزایی دەربڕین لەسەر ڕەوشیان لە زیندانەکان.

سەربارەت بە ئازادییەکانیش دەڵێت کاربەدەستان بەردەوامن لە کۆتوبەند خستنە بەردەم ئازادی ڕادەربڕین، ڕێکخراو کۆڕو کۆبونەوە. دەیان ڕۆژنامەوان، چالاکوانی میدیای ئیلیکترۆنی بە تاوانی کرداری دژی ئاسایشی نیشتمانی دراون بە دادگا.

سەربارەت بە مافەکانی ژنان لە ئێراندا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ژنانی ئێرانی ڕووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە لە دۆسێتایبەتەکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات و وەرگرتنی منداڵ. هەمو کچێت دەبێت لەلایەن سەرپەشتێکی پیاوەوە ڕێگەی پێبدرێت بۆ هاوسەرگیری کردن جا تەمەنی هەر چەندێک بێت، ژنانی ئێرانی ناتوانن ڕەگەزنامەی ئێرانی بۆ هاوسەرەکانیان یان منداڵیان کە لە دەرەوەی وڵات لە دایک بوون وەربگرن. ژنێکی کە هاوسەرگیری کردووە ناتوانێت پاسەپۆرت وەربگرێت و بەبێ مەوڵەتی نوسراوی فەرمی هاوسەرەکەی سەرفەر بۆ دەرەوەی وڵات بکات. بە پێی یاسای ئیران پیاوێک دەتوانێت بڕیار لەسەر شوێنی ژیان بدات و دەتوانێت ڕێگری لە هاوسەرەکەی بکات بۆ هەر کارێک کە خۆی پێی باش نەبێت.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت حکومەت جیاوازییەکی زۆریش دەکات دژ بە کەمینە ئاینییەکان لە ناویاندا موسوڵمانە سوننەکانیش، کۆت و بەند دەخاتە بەردەم چالاکیە کولتوری و سیاسییەکانی ئازەریەکان، کوردەکان، عەرەبەکان و بەلوچەکان.

XS
SM
MD
LG