Accessibility links

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر عێراق


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی 2018یدا ئاماژەی بە ژمارەیەک لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە.

سەبارەت بە عێراق ڕاپۆرتەکە باس لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسل و تەلەعفەر دەکات. دەڵێت لە ئەنجامی ئەو شەڕانە نزیکەی 3 ملیۆن و 2 سەد هەزار کەس ئاوارە بوون لەوانەدا 1 ملیۆنی ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان. ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش خەڵکی سیڤیلی وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکار هێنا، هێرشی کیمایی ئەنجامدا و هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی هەوڵی هەڵاتنیان دەدا. بەڵام دەشڵێت لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا هێزەکانی عێراقیش زۆر بەخێرایی سەدان گومانباری داعشیان دەکوشت، ئەشکەنجە دەداو بێسەروشوێن دەکرد.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات لە ساڵی 2014 وە گروپی حەشدی شەعبی زۆرینە شیعە لە ژێر دەسەلاتی حکومەتدا ڕۆڵێکی زۆری لەشکری و ئاسایشیان لە شەری دژ بە داعشدا بینیوە. لە ساڵی 2017 دا حکومەتی عێراقی گروپی زیاتری چەکداری لەو جۆرەی دروست کردووە لە زۆربەی سەر بە ئاینە جیاوازەکانن کە هەندێکیان ئەزمونی لەشکرییان زۆر کەمە.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە 25 ی مانگی 9 دا، سەرەڕای ناڕەزایی حکومەتی ناوەندی عێراق و زۆربەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر دەسەڵاتی دیفاکتۆی حکومەتی هەرێم ئەنجام دا. پاش ئەو ریفراندۆمەی کە ئەنجامەکەی بە بەڵێ بوو، حکومەتی ناوەندی عێراق چەندین بڕیارێکی دەرکرد کە بریتی بوو لە چەندین داواکاری لە ناویاندا ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی ئەنجامی ریفراندۆمەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لە کەرکوک و پاڵاوگە نەوتییەکانی دەوروبەری بکشێتەوە. لە 16 ی مانگی ئۆکتۆبەردا هێزێکی جۆراوجۆر دەستیان گرتەوە بەسەر چەندین ناوچەی جێناکۆک کە هەندێکیان لە ساڵی 2003 وە وەکو لە ژێر دەسەڵاتی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان بوون. لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هەزاران خێزانی کورد لە ماڵەکانی خۆیان هەڵاتن. ژمارەیەک لە هێزە عێراقییەکان ماڵی خەڵکیان لە توز خورماتوو تاڵان کرد و سوتاند.

سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ گومانبارەکانی داعش ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو خەڵکانە هەموی دەپشکنن کە ناوچەکانی داعش بەجێدەهێڵن بۆ دەستگیرکردنی گومانبارەکان. لەم پرۆسەیەدا هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چەند هەفتە تەنانەت مانگیش ڕێگریان لە سەدان خێزان کرد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵاتبوون، دەیانگوت بەهۆی نیگەرانی ئاسایشیە. لە لەزۆربەی کاتەکاندا لە خاڵەکانی پشکنینی بەرەی جەنگدا ڕیگریان لێ کردبوون کە بچنە ناوچەیەکی ئارامتر دەستیان ڕابگات بە هاوکاری مرۆیی.

سیستمی دادوەری هەردوو حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزاران گومانباری داعشیان دادگایی کردووە لە ژێر یاسای دژە تیرۆی خۆیان. دەسەڵاتداران هەرگیز پرسیاریان لە قوربانی یان داوای شایەتحاڵ بۆ ئەم دادگاییانە نەکردووە.

کاربەدەستان گومانبارەکانی داعش لە نێو خەڵکیدا دەستگیر دەکەن لە هەندێک باردا بە شێوازێکی زۆر نا مرۆڤانە. ئەوان سەرکەوتوو نەبوون لە جیاکردنەوەی منداڵەکان لە زیندانییەکانی تر و بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرپێچی لە مافەکانی گومانباران دەکەن کە بە پێی یاسای عێراقی دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر دا بخرێتە بەردەم دادگا، مافی ئەوەی هەیە پارێزەری هەبێت لە تەواوی پرۆسەکەدا و کەسوکاری ئاگادار بکرێنەوە. ژمارەیەک لە زیندانیان گوایە گوتویانە کاربەدەستان لە ژیر ئەشکەنجەدا وایان لێکردوون دان بە تاواندا بنێن.

سەربارەت بە مافەکانی ژنان و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان لە عێراق ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ژنان لە ڕووی یاساییەوە ڕێگای زۆر کەمیان هەیە بۆ خۆ پاراستنیان لە توندوتیژی خێزانی. هەرچەندە بە پێێ یاسا ئازاردانی ژن تاوانە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ڕوونی باس لە توندوتیژی خێزانی نەکراوە لەو یاسایەدا. هەرچەندە دەستدرێژی کردنی سێکسی کراوە بە تاوان بەڵام لە هەمان بەندی دەستوردا دەشڵێت ئەم تاوانە هەڵدەگیرێت ئەگەر تاوانبارەکە قوربانییەکە مارە بکات. و چەندین حاڵەتی توندوتیژی جۆراو جۆر دژ بە ژنان تۆمار کراوە.

XS
SM
MD
LG