Accessibility links

فریدەم هاوس: پرنسیپەکانی دیموکراسی بۆ ماوەی 12 ساڵ لەسەر یەک هەتا دێت لاوازتر دەبن


ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی سەربەخۆی فریدەم هاوس دەڵێت پرینسیپەکانی دیموکراسی وەکو هەڵبژاردنی متمانەپێکراو و ئازادی ڕۆژنامەوانی بۆ ماوەی 12 ساڵ لەسەر یەک هەتا دێت لاواز تر دەبن لە سەرانسەری جیهاندا.

ئارچ پودینگتن ئەندامی باڵای فریدەم هاوس بۆ ڵیکۆڵینەوەکانی دیموکراسی بەر لە بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا لێدوانی دا و گوتی " بۆ ساڵی 2017 دا وڵاتی زیاتری تێدایە لە زۆربەی وڵاتەکاندا لە بری گەشەسەندنی ئازادی ئاستی ئازادیەکان کەمتر بوونەتەوە."

بە پێی دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، کە شرۆڤەی داتاکانی 2017 ی 195 وڵاتی کردووە، 88 وڵات لە ڕیزبەندی وڵاتانی ئازاددان، 58 وڵاتیش بەوەی کە برێک ئازادی تێدایە و 49 وڵاتیش کە هیچ ئازادییەکی تێدا نییە.

باکوری ئەمەریکا

یەکێک لە شتەکانی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لاواز بوونی ئەمەریکایە وەکو پاڵەوانی دیموکراسی، کە ئەمەش بەهۆی لێکۆڵیەوەکانە لەسەر دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2016دا.

پودینگتن دەڵێت " گرفتی وا هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا کە لە دیموکراسیەتێکی پتەودا بەدی ناکەیت". گوتیشی خەرج کردنی پارەیەکی زۆر لە هەڵمەتەکان و یاسای ولایەتەکاندا دەنگەدانەکە سەختتر دەکات و فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بنکۆڵکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

لە هەڵسەنگاندنەکەیدا بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فریدەم هاوس ئاماژە بە سەختییە ئەخلاقییەکان دەکات کە ڕووبەڕووی ئەم بەڕێۆەبەرایەتییە دەبێتەوە، لە ناویاندا پەیوەندییە کاردارییەکانی خێزانی ترامپ وشیانی بەریەک کەوتنی بەرژەوەندییەکان و هەروەها بڕیاری سەرۆک بۆ ئاشکرا نەکردنی بەڵگەنامەی باجی ساڵانەی.

کۆشکی سپی دەڵێت لە ئێستادا بەڵگەنامەکانی باجی سەرۆک پێداچوونەوەی بەسەر دەکرێت بۆیە ئاشکرای نەکردووە.

ئاسیا

فریدەم هاوس ئاماژەی بەوە کردووە زیاتربوونی سەرکوتکردنەکان لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری چین شی ژینپینگ فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەوەی وڵاتەکە چۆتە ڕیزبەندی وڵاتانی کە ئازادی تێدا نییە.

پودینگتن گوتی " ئێمە درکمان بە هەوڵەکانی چین کردووە چۆن کار دەکاتە سەر وڵاتەکانی تر بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ چیندا، چۆن باسی چین بکرێت، توێژەران چۆن لەسەر چین بنوسن، ڕۆژنامەوانان چۆن لەسەر چین بنوسن. ئێمە شێوازێکی ڕێبازی ژێربەژێری چین دەبینین کە چۆن هەوڵ دەدات سیستەمی چاودێری چینی کە لە ناو چین بڵاو بۆتەوە بباتە وڵاتانی تری وەکو ئوسترالیا، نیوزیلاند، کەنەدا و تەنانەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئەوە هەر باسی وڵاتانی ئاسیا ناکرێت کە دراوسێی چینن."

لە وڵاتێکی وەکو میانمار کە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەیە بڕێک ئازادی تێدایە، شارەزایان دەڵێن دەرەنجامەکان جۆراوجۆرن، دەڵێن وڵاتەکە لە دەسەڵاتێکی لەشکرییەوە بەرەو دەسەڵاتێکی دیموکراسی دەڕوات لە کاتێکدا قەرانەکانی مڕۆڤایەتی خراپتر بوون دوابەدوای کۆچی بەکۆمەڵی موسوڵـمانە ڕۆهینگاکان بۆ بەنگلادێشی دراوسێ.

ئەمەریکای لاتین

لەگەڵ ناسەقامگیری ئابوری و سیاسی لە نیکەراگواو ڤێنزوێلا، شارەزایانی فریدەم هاوس دەڵێن پێشوەچوونی پۆزیتیڤانە لە بەشەکانی تری ناوچەکە بەدی دەکرێت.

پودینگتن دەڵێت " سەرۆکی نوێی ئیکوادۆر لینین مۆرینۆ هەندێک لە بڕیارەکانی سەرۆکی پێشووتری هەڵوەشاندۆتەوە و ئەو خواستی بۆ دیالۆگێکی ڕژد لەگەڵ لایەنەکانی ڕیفۆرمخوازی وڵاتەکەو و دادگایی کردنی کاربەدەستە گەندەڵەکان نیشان داوە."

تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا کە کوبا ئێستا پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە بەڵام فریدەم هاوس کوبای لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدا داناوە کە ئازادی تێدا نییە، ئاماژە بە ئازادی ڕۆژنامەگەری و مشتومڕی کراوە دەکات کە پێویستە چاکبکرێت.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرەڕای ئەوەی هەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەن کە ئازادی تێدا نییە و شەڕی تێدایە، فریدەم هاوس هەردوو وڵاتی لە ژێر چاودێری ورد داناوە لە تەواوی ساڵی 2018 دا.

پودینگتن دەڵێت " ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم وڵاتانە بە ئاقارێکی هەڵە یان ڕاست دا دەڕۆن تەنها مەبەست لەوەیە شتی زۆر لەم وڵاتانەدا دەگوزەرێت و ئێمە پێشبینی دەکەین لە ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاری ببێت."

شارەزا دەڵێن پێشوەچوون بەرەو هەڵبژاردنی دیموکراسی و حکومەتی مەدەنی کاریگەر ڕەنگە ئاماژە بن بۆ پێشوەچوونی بەرچاو لە هەردوو وڵات دا لە چەند مانگی داهاتوودا.

ئافریکا

دووابەدووای لادانی ڕێبەری لە مێژینەی زیمبابوێ ڕۆبەرت مۆگابێ، فریدەم هاوس وڵاتەکەی لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدا داناوە کە بڕێک ئازادی تێدایە.

پودینگتن گوتی زمبابوێ خاڵەکانی بۆ 2017 کەم بوو بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی زۆر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە مۆگابێ بەشێوەیەکی نا دیموکراسی دەرکرا و بە شێوەیەکی نا دیموکراسیش جێگرەوەی بۆ دانرا. بەڵام گوتیشی " ئێمە هیوادارین هەندێک لەو بەڵێنانەی کە دراون بۆ ڕیفۆرم و بەلیبراڵکردن و هەڵبژاردنێکی دیموکراسی بێنە دی. ئەگەر ئەمانە بکرێت ئەوە خاڵەکانی زمبابوێ بەرز دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG