Accessibility links

ئێران: سەدان خۆپیشاندەر لە زیندان ئازاد کراون


کاربەدەستانی ئێران لە ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند سەدان کەسی کە لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەیە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت دەستگیر کرابوون ئازاد کراون و دانیشیان بەوەدا ناوە کە بەلایەنی کەم 25 کەس بەهۆی نائارامییەکان کوژراون.

ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە چەند شارو شارۆچکە ڕوویاندا گەورەترین خۆپیشاندان بوون دژ بە دەسەڵات لەوەتای ساڵی 2009 وە، بەڵام کاربەدەستان دەڵێن لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا نائارامییەکان کەم بوونەتەوە و هێزەکانی ئاسایش سورن لەسەر ئەوەی باری ئاسایشیان کۆنترۆڵ کردووە.

داواکاری گشتی تاران عەباس جەعفەری دۆلەتئابادی ڕایگەیاند 440 کەس لە ئاژاوەگێڕەکان کە لە تاران دەستگیرکرابوون ئازاد کراون. ئاژانسی نیمچە فەرمی FARS لە زاری گوتەبێژی دادوەری غولامحوسەین موحسینی ئیژەییەوە دەڵێت تەنها 55 کەس بەهۆی ئەو خۆپیشاندانە لە تاران لە زیندان ماون.

هێشتا ڕوون نییە لە شارو شارۆچکەکانی تر چەند کەس لە زینداندان بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە. لە هەفتەی ڕابوردوو یاسادانەری ڕیفرۆمخوازەکان مەحمود سادقی گوتی نزیکەی 3 هەزارو 700 کەس لە سەرانسەری ئێراندا دەستگیر کراون.

خۆپیشاندانەکانی کە نزیکەی 3 هەفتە لەمەو بەر دەستیانپێکرد، لە سەرەتاوە بەهۆی باری خراپی ئابوری و گەندەڵی کاربەدەستان بوو، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت گۆڕا و هەندێک لە خۆپیشاندەران داوای ڕووخانی تەواوی حکومەتیان دەکرد و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئاسیاش ڕوویدا.

هەر لە ڕۆژی یەکشەممە گوتەبێژی دەزگای دادوەری ئیژەیی گوتیشی بەلایەنی کەم 25 کەس بەهۆی پێکدادانەکان کوژراون هەرچەندە سوربوو لەسەر ئەوەی کە کەس لەمانە بە دەستی هێزەکانی ئاسایش نەکوژراون. کاربەدەستان پێشتر گوتیان 21 کەس کوژراون.

XS
SM
MD
LG