Accessibility links

لە حەوتهەمین ساڵیادی بەهاری عەرەبیدا خۆپیشاندان لە تونس بەردەوامە


ڕۆژی یەکشەممە یەکێتییەکان و پارتە سیاسییەکان لە تونس داوای ڕۆژێکی تری خۆپیشاندانیان کرد پاش هەفتەیەک ناڕەزایی دەربڕین بەهۆی کەڵەکە بوونی گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان لە پایتەختی وڵاتەکەو سەرانسەری ئەو وڵاتەی باکوری ئافریکا.

ڕۆژی یەکشەممە حەوتهەمین ساڵیادی بەهاری عەرەبییە کە بە سەرهەڵدان لە تونس دەستیپێکرد و سەرۆک زەین ئەلعابدین بن عەلی پاش 23 ساڵ لە دەسەڵات لابرا.

ئەو دروشمانەی کە حەوت ساڵ لەمو بەر دەوترانەوە " کار، ئازادی و کەرامەت" لەم هەفتەی ڕابردووەدا جارێکی تر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەگوترانەوە.

فاتمە بن حەسینی یەکێکە لە خۆپیشاندەران دەڵێت " شۆڕشەکە هیچ شتێکی تۆکمەی نەهێنایە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەوە کە تەنها خراپ و خراپتر بوە، ئەو سیاسەتمەدارانەی کە تەنها بیر لە ئارامشی خۆیان دەکەنەوە بە نائومێدی جێهێشت."

ڕۆژی شەممە، تونس پلانێکی ڕاگەیاند بۆ زیادکردنی هاوکاری بۆ خێزانە هەژارەکان بە بڕی 70 ملیۆن و 3 سەد هەزار دۆلار، پاش جەند ڕۆژی خۆپیشاندان.

محەمەد ترابلسی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند ئەمە نزیکەی 250 خێزان دەگرێتەوە و گوتیشی ئەمە هاوکاری دەبێت بۆ خێزانە هەژارەکان و چینی مامناوەندی.

و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی وڵاتەکەش سەردانەی ناوچە هەژار نشینەکانی پایتەختی وڵاتەکە بکات و لەوێوە وتارێک پێشکەش دەکات و نێوەندێکی کولتوری دەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG