Accessibility links

تورکیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات گەشت بۆ ئەمەریکا نەکەن


ڕۆژی هەینی تورکیا هۆشداری دا بە هاووڵاتیانی گەشت بۆ ئەمەریکا نەکەن، ئەمەش وەکو تۆڵە کردنەوەیە بۆ هۆشداری نوێی گەشکردنی ئەمەریکا کە تییدا هۆشداری دراوە بە ئەمەریکاییەکان لەسەر هەڕەشەی تیرۆر و تەقینەوە لە تورکیا.

سەرۆک وەزیری تورکیا بینالی یەلدەرەم ڕایگەیاند هۆشداری گەشتکردنی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕەوایانە ناوی تورکیای تێدایە وەکو وڵاتێکی ناپارێزراو و هیچی نەکردووە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ.

یەلەدەرم گوتی " ئانکەرە بە ئەندازەی واشنتۆن پارێزراوە، ئەستەنبوڵ بە ئەندازەی نیو یۆرک پارێزراوە."

لە هۆشدارییەکەی تورکیادا داوا لە هاووڵاتیان کراوە کە جارێکی تر بە بەرنامەکانیاندا بچنەوە ئەگەر پلانی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا هەیە، و ئاماژە بە زنجیرەیەک هێرشی تیرۆرستی و ڕووداوی توندوتیژی دەکات لە ناویادا ئەوانەی شارلسڤێل، زانکۆی ئۆهایۆ و مزگەوتێکی میناسۆتا.

هەروەها ئاماژە بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی خەڵکی دەکات لە ئەمەریکا کەوا دیارە مەبەستی لە سەرۆکی بانکەکەی تورکیایە کە لە ئەمەریکا دەستگیرکرا بە تاوانی هاوکاری کردنی ئێران بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمەریکا.

ئەم مەسەلەی هۆشداری گەشت کردنە ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند ئەگەر بێت و ئەمەریکا ئەو پیاوە ئاینیـیە تورکەی ڕادەسـت نەکات کە تۆمەتباری دەکات بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، ئەوا هیچ تێرۆرستێک ڕادەستی ئەمەریکا ناکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە پـێنجشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی " هەتا ئێستا 12 تێرۆرستمان ڕادەستی ئەمەریکا کردووە، بەڵام ئەو کەسەی ئێمە داوامانکردووە ناماندەنەوە. بیانووی بێ مانا دەهێننەوە."

هەروەها ڕەخنەیەکی دیکەی لە ئەمەریکا گرت و گوتی " ئەمەریکا گوێ لە ئێمە ناگرێت، بەڵام گوێ لە پەیەدە و یەپەگە دەگرێت. ئایا هاوبەشی ستراتیژی بەو شێوەیە هەیە؟"

XS
SM
MD
LG