Accessibility links

هەردوو کۆریای باکوور و باشوور هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە


کاربەدەستان لە سیئۆڵ ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند هەردوو کۆریای نەیار بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵدا لە هەفتەی داهاتوو پێکەوە دادەنیشن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکان تا لە میانەی ئۆلۆمپیادی زستانە کە لە باشوور ئەنجام دەدرێت هاوکاری بکەن و هەروەها هەوڵ بدەن پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیان باش بکەن.

ئەم ڕاگەیاندنەش چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە هات کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند مانۆڕی ساڵانەی لەشکری لەگەڵ کۆریای باشور دووا دەخات هەتا پاش ئۆلۆمپیادەکەی لە لە پیونگچانگی کۆریای باشور لە مانگی داهاتوو بڕێوە دەچێت.

ئەم مانۆڕانە هەمیشە دەبەنە هۆی توڕە کردنی کۆریای باکوور کە دەڵێت ئەمانە ڕاهێنان بۆ داگیرکردنی، هەرچەندە کۆریای باشوور و ئەمەریکا بە بەردەوامی دەڵێن ئەمانە بە مەبەستی بەرگریکردنە لە خۆ.

وەزارەتی یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور کە کاروباری گرفتەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا بەڕێوە دەبات ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی کۆریای باکوور پەیامێکی نارد و گوتی پێشنیازەکەی کۆریای باشوور پەسەند دەکات بۆ کۆبونەوە لە گوندی پانمونژومی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو تا باسی هاوکارییەکانی بۆ ئۆلۆمپیاد و بە گشتی پەیوەندییە دوولایەنەکان بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور بەیک تای هیون دەڵێت چاوەڕوان دەکات هەردوو کۆریا ئەو کەناڵە پەیوەندییە بەکار دەهێنن کە بەم دواییانە نۆژەنگکرایەوە بۆ ئەوەی بزانن کێ ڕێبەرایەتی شاندەکەیان بکات بۆ کۆبونەوەکەی هەفتەی داهاتوو.

هەر وتووێژێک لە نێوان هەردوو کۆریا بە هەنگاوێکی ئەرێنی لێکدەدرێتەوە. بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن هەوڵەکانی کۆریای باکوور بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان ڕنگە تاکتیکێک بێت بۆ دابەشکردنی سیئۆڵ و واشنتۆن و لاوازکردنی فشارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و سزاکان لەسەر پیونگیانگ.

XS
SM
MD
LG