Accessibility links

ئێران CIA بۆ خۆپیشاندانەکان تاوانبار دەکات و ئەمەریکاش نکوڵی دەکات


ڕۆژی پێنجشەممە ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاربەدەستێکی CIA تاوانبار کرد بە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ نکوڵی لەوە دەکات بە هیچ شێوەیەک دەستی هەبێت لە خۆپیشاندانەکاندا و CIA یش ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە لێدوان بدات.

خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە 28 ی مانگی 12 وە بەهۆی ناهەمواری ئابوری دەستیپێکرد گەورەترین خۆپیشاندانە لەوەتای خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009وە. هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 21 کەس کوژراون و سەدان کەسیش دەستگیر کراون.

تاوانبار کردنی CIA لەلایەن دادپرسی گشتی، محەمەد جەعفەر مونتەزەرییەوە بوو کە لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران IRNA بڵاو کراوەتەوە. مونتەزەری گوتویەتی گوایە کاربەدەستەکە ئەو ئۆپەراسیۆنەی گرتۆتە دەست بە پشتیوانی زانیاری لەلایەن ئیسرائیلەوە و بە هاوکاری دارایی عەرەبستانی سعودیە دوو بەرهەڵستی سەرەکی ئێران لە ناوچەکە.

مونتەزەری ڕیشیگەیاندووە ئەو کاربەدەستەی CIA لەلایەن گروپێک ئێرانی دوورە وڵاتەوە هاوکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی چەندین ئاژاوە لە ناویاندا خۆپیشاندان دژ بە گرانی نرخی کاڵا و خراپی باری ئابوری.

کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕۆژی چوارشەمە ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ ڕۆڵێکی تیادا نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە جارێکی تر هەزاران کەس لە دەیان شارو شارۆچکە هاتنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی کردن لە حکومەت تەنانەت لە شاری مەشهەدیش کە خۆپیشاندانی دژە حکومەت لەوێوە دەستیپێکر و تەشەنەی کرد بۆ شارەکانی تر.

هاوکات دیپلۆماتێکی باڵای ڕوسیا هۆشداری داو بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە دەست نەخاتە نێو کاروباری ناوخۆیی ئێرانەوە و دەڵێت واشتنۆن دەیەوێت بەم نائارامیانە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران بنکۆڵ بکات.

XS
SM
MD
LG