Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی لە ئەفغانستان 15 کەس دەکوژرێن


لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان شەوی پێنجشەممە هێرشبەرێکی خۆکوژ خۆی بە کاروانێکی هێزی ئاسایشی ئفغانیدا تەقاندەوە، بەلایەنی کەم 15 کەسی کوشتووە. کاربەدەستان لە وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان ژمارەی کوژراوەکانیان پشتڕاست کردۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتان ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە خۆپیشاندەران هەوڵیان دابوو بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە ئاگرتێبه‌رده‌ن، ئەمەش بوو بەهۆی ئەوه‌ی کاربەدەستان پۆلیسی زیاتر بڵاو بکەنەوە بۆ پاراستنی بنکەکە. هێرشبەرەکەش بۆمبەکەی بۆ ماوەیەکی کورت پاش گەیشتنی هێزی ئاسایشی ئەفغانی بۆ شوێنی ڕووداوەکە تەقاندەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی کابول باسر موجاهید بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پۆلیس هەوڵی دەدا ئەو دووکان و بازارانە تێکبشکێنێت کە بە شێوەیەکی نایاسایی خواردنەوە کحولییەکان دەفرۆشن که‌ ئەم هەنگاوەش بوو بەهۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی.

هەر پاش ڕووداوەکە داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

لەم چەند هەفتەیەی دواییدا چەندین هێرشی خۆکوژی لە کابوڵ ڕوویدا. کوشندەترینیان لە هەفتەی ڕابوردوو بوو کە زیاتر لە 40 کەسی تێدا کوژران و نزیکەی 90 کەسی تریش بریندار بوون لە کاتێکدا هێرشبەرێک لە ناو نێوەندێکی کولتوری شیعەکاندا خۆی تەقاندەوە. داعش بەرپرسیارێتی ئەوەشی گرتە ئەستۆ.

XS
SM
MD
LG