Accessibility links

د. موسەنا ئەمین: ئەوەی لە کەرکوک ڕوودەدات لە تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و ترانسفێرە


لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی کەرکوک لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، هاوڵاتییە عەرەبەکان ئەهێنرێنەوە بۆ کەرکوک و لەوێ نیشتەجێ ئەکرێن، لە کاتێکدا کە پێشتر و لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، ئەو هاوڵاتییانە گەڕێنراونەتەوە زێدی خۆیان د. موسەنا ئەمین ئەمە بە "تەعریبکردن" ناودێر دەکات.

د.موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ئەم هاوڵاتییە عەرەبانە پێشتر بڕە پارەیەکیان وەرگرتووە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لەبەرامبەر جێهێشتنی ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام ئێستا لە چوارچێوەی تەعریبکردنێکی نوێ ئەهێنرێنەوە و ئەمەش زوڵمێکی شەرمئاوەرە و لە تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و ترانسفێرە".

هەروەها دکتۆر موسەنا ئەمین داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق و ئەندام پەرلەمانەکان کرد کە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر، چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر کە د.موسەننا بە "یاریکردن بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان" ناوی دەبات.

جێی ئاماژەیە بەپێی ماددەی 140 هاوڵاتییە هاوردەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت بگەڕینەوە زێدی خۆیان و ناوچە جێناکۆکەکان جێبهێڵن، لە پێناو پاراستنی دیمۆگرافیای ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG