دوو گه‌نج له‌و گه‌نجانه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ده‌ستگیركران، كه چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه و تێیدا چالاكى چه‌كداریان بۆ ڕووخاندنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاند.
له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ژماره‌یه‌ک گه‌نج، گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییان به‌چه‌ک و تاقمه‌وه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرده‌وه و داوایان له‌گه‌نجانى كورد كرد، له‌دژى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستان چه‌ک هه‌ڵبگرن، چونكه چالاكى و خۆپیشاندانى مه‌ده‌نى سودى نییه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار كه داوایكرد ناوى بڵاونه‌كرێته‌وه، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند "ئه‌و ژماره گه‌نجه‌ى كه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا گرته‌ى ڤیدیۆیى خۆیان بڵاوكردۆته‌وه و داوایان له‌خه‌ڵک كردووه له‌دژى ده‌سه‌ڵات چه‌ک هه‌ڵبگرن، زۆربه‌یان خه‌ڵكى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانن."
سه‌رچاوه‌كه، گوتیشی"ئه‌و گه‌نجه‌ى به‌یاننامه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، ڕه‌گه‌زنامه‌ى سویدى هه‌یه و ماوه‌یه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان."
به‌پێى زانیاریه‌كانى ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌ن دادگاكانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بڕیارى ده‌ستگیركردن به‌پێى ماده‌ى تیرۆر بۆ ئه‌و ژماره گه‌نجه ده‌ركراوه، كه سه‌رجه‌میان قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانیان جێهێشتووه و هه‌ڵاتوون.
هاوکات لیوا نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى گه‌رمیان، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند"ئه‌و گه‌نجانه‌ى ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌یان بڵاوكردۆته‌وه، تێكه‌ڵه‌ن لهگهنجى جۆراو جۆر و بڕیارى ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه."
گوتیشی"دوو له‌و گه‌نجانه ده‌ستگیركراون و ئه‌وانیتریان هه‌ڵاتوون، كه‌س و كاره‌كانیان له‌ده‌رچوونى بڕیارى گرتن بۆیان ئاگادار كراونه‌ته‌وه."