Accessibility links

بەمەبەستی دروستکردنی بۆری نەوتی نێوان کەرکوک و جەیهان عێراق کۆمپانیاکان بانگهێشت دەکات


عێراق لە ڕۆژی یەکشەممە کۆمپانیاکانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن بۆ دروستکردنی بۆری نوێی نەوت لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

کۆمپانیای پرۆژەی نەوتی سەر بە دەوڵەت دەڵێت، ئەم بۆرییە 350 کیلۆمەترییە توانای گواستنەوەی هەتا یەک ملیۆن بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا. ئەم پڕۆژەیە بریتیش دەبێت لە بۆری گازی 305 کیلۆمەتری.

ئەم هێڵە نوێیە لە تەنیشت ئەوەی ئێستا دروست دەکرێت کە ڕۆژانە توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار بەرمیلی هەیە و بە ناوچە سوننە نائارامەکاندا تێپەڕ دەبێت و بەم دواییانە کارەکانی کەم بۆتەوە بەهۆی ئەو زیانانەی لە هێرشی ملیتانەکان لە ساڵی 2014 پێی گەیشت.

هێزەکانی عێراق لەم ساڵدا گروپی تیرۆرستانی ئیسلامی داعشیان لە ناوچەکە دەرکرد بەڵام چاوەڕوان دەکرێت مەترسی هێرشەکانیان لێرەو لەوێ بەردوام بێت.

کۆمپانیاکان هەتا 24 ی مانگی 1 یان بەدەستەوە تا داخوازی نامەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوی ئەو تێندەرە بەدەستبهێنن. کاربەدەستان کاتێکی دیاریکراویان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە ڕانەگەیاندووە. بەلایەنی کەم لەسەدا 25 ی پڕۆژەکە کۆمپانیا عێراقییەکان بەڕێوەی دەبەن.

گوتەبێژی وەزارەتەی دەرەوەی عێراق عاسم جیهاد ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 140 هەزار بەرمیلی نەوت لە بیرەنەوتەکانی کەرکوک دەردەچێت کە هەموی دەچێتە پاڵاوگەکانەوە.

بەهۆی شەڕی داعش زیانێکی زۆر بە ژێرخانی نەوت لە عێرق گەیشت. خەرجی ئەو شەڕەو دابەزینی نرخی نەوت زیانێکی زۆری لە ئابوری عێراق دا.

XS
SM
MD
LG