Accessibility links

ئەردۆغان: ئەو ڕۆژە نزیکە کە باڵیۆزخانەی تورکیا لە وڵاتی فەلەستین ببرێتە ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند تورکیا هیوادارە لە داهاتوودا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دەوڵەتی فەلەستین بباتە ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم.

ئەردۆغان لە میانەی وتارێکیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی لە شاری قارەمان ئەم قسانەی کرد.

سەرۆکی تورکیا گوتی " لەبەر ئەوەی ئێستا داگیر کراوە ناتوانین هەروا بڕۆین و باڵیۆزخانەمان بکەینەوە، بەڵام بە پشتیوانی خوا ئەو ڕۆژانە نزیک کەوتوونەتەوە کە بتوانین بە فەرمی باڵیۆزخانەمان لەوێ بکەینەوە." ئەو ئەم قسانەی کرد بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتەکەی بکات.

ئەم لێدوانانە چەند ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە ئەردۆغان میواندارێتی کۆبونەوەیەکی لوتکەیی ڕێبەرانی وڵاتانی زۆرینە موسوڵمانی کرد بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەیە سەرۆک ترامپ بۆ دانپیانان بە ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل.

شایانی باسە ئیسرائیل لە شەڕی 1967 دەستی گرت بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم کە هەتا ئێستاش لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە دانی پێدا نەنراوە.

تورکیا لە ئێستادا کۆنسۆڵخانەی گشتی لە ئورشەلیم هەیە و پەیوەندی تەواوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە بەڵام وەکو هەمو وڵاتانی تری باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەڤیڤە.

XS
SM
MD
LG