دەیان هەزار موسوڵمان ڕۆژی یەکشەممە لە مزگەوتی سەرەکی پایتەختی ئیندۆنیسیاوە ڕێپێوانیان ساز کردووە بۆ مەیدانێکی جاکارتا بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ دانپیانان بە ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل.
ئەمەش گەورەتری خۆپیشاندان بوو لە ئیندۆنیسا لەو کاتەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە سەرۆک ترامپ ئەم بڕیارە مشتومڕلەسەرەدی دا.
پۆلیس ژمارەی بەشدار بوانی خۆپیشاندانەکە بە نزیکەی 80 هەزار کەس مەزەندە دەکات کە لەلایەن ژمارەیەک گروپی جۆراوجۆرای ئیسلامییەوە ڕێکخراوە.
خۆپیشاندانەکە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە بوو، بەڵام پۆلیس چواردەوری باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە جاکارتا گرتبوو. گوتەبێژێکی پۆلیس ڕایگەیاند 20 هەزار پۆلیس و ژمارەیەک سەرباز لە ناو شارکە بڵاو ببونەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە ئاسایشی هاووڵاتیان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا.
ئەنوەر عەباس سکرتێری گشتی ئەنجومەنی عولەمای ئیندۆنسیا بە ئامادە بوانی ڕاگەیاند " ئێمە داوا لە هەمو وڵاتان دەکەین ئەم بڕیارە تاکلایەن و نایاساییە ڕەت بکەنەوە کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە بارەی ئورشەلیمەوە داویەتی." عەباس گوتیشی " ئێمە داوا لە هاووڵاتیانی ئیندۆنسیا دەکەین هەمو بەرهەمەکانی ئەمەریکایی و ئیسرائلی لەم وڵاتەدا قەدەغە بکەن."
ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بەرگی سپییان لەبەر کردبوو و ئاڵای فەلەستینیان هەڵکردبوو، هاوکات ژمارەیەکی زۆریش لە دروشمە هەڵواسراوەکانیان نوسرابوو " ئاشتی، خۆشەویستی و ئازادی فەلەستین."