Accessibility links

ئێزیدیەکان لە نێوەندی ململانێی سیاسی نێوان بەغدا و کوردەکاندا


لەو کاتەوەی کە هێزە عێراقییەکان هێزە کوردەکانیان لە ناوچەکانی ئێزیدیەکان لە شەنگال دەرکردووە دانیشتوان نیگەرانی ئەوەن کە لە داهاتوودا چییان بەسەر دێت.

خۆراک و کەرەستەی پێویست لەو کاتەوە کەم بۆتەوە کە ڕێکخراوە خێرخوازەکان کارەکانی خۆیان بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگرت پاش پێشوەچوونەکانی عێراق. باڵەخان بەهۆی شەڕەکانەوە ڕووخاون و ئەوانەش کە ماونەتەوە جێی گوللەو پارچە بۆبی پێویە. ئاو کارەبا زۆر بە کەمی هەیە.

ئێزیدیەکان زۆر جار لەلایەن گروپە ئاینیەکانی تری عێراقەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

لە ساڵی 2014 زیاتر لە 3 هەزار کەس لەلایەن داعشەوە کوژران لە هەڵمەتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە جینۆساید لە قەڵەمی دا.

لە ئێستاشدا ئەو شوێنەی کە سەدان ساڵە لێی دەژین بووە بە شوێنی ناکۆکییەکانی بەغداو کوردەکان، کە لە ساڵی 2003 وە و پاش ڕووخانی سەدام حسێنەوە کۆنترۆڵیان کردبوو.

کەمال عەلی هاووڵاتییەکی ئێزیدی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە " ئێمە لەم گەمەی سیاسییەدا گیرمان خواردووە لە نێوان حکومەتی عێراق و کوردەکاندا، بەڵام کەسیان خەمی داهاتووی ئێمەیان نییە."

شەنگال ناوچەیەکی گرنگە لە ڕووی سیاسییەوە لەبەر ئەوەی لە ناوچە جێناکۆکە فرەنژادەکانی باکوری عێراقدایە، و ماوەیەکی زۆرە کە جێگای ناکۆکییە لە نێوان بەغدا و کورد کە هەر یەکەو بە هی خۆی دەزانێت.

شەنگال کەوتە ژێر دەستی کوردەکان سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی سنوری هەرێمی کوردستان بوو.

بەغدا هەوڵێکی زۆری نەدا بۆ بەدەستهێنانی هەتا هێرشەکەی مانگی 10 کە ئەنجامی دا بۆ سزادانی کوردەکان بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی 9 وە بۆ سەربەخۆیی. لەو کاتەدا هێزە عێراقییەکان دەستیان گرت بەسەر ناوچە جێناکۆکەکان بە شەنگالیشەوە.

ڕیفراندۆمەکە جارێکی تر ناکۆکی لەسەر ناوچە جوگرافییە دەوڵەمەند بەنەوتەکان لە نێوان بەغداو هەرێمی کوردستان دروست کردەوە هەر هەردووکیان شان بەشانی یەک شەڕی دژ بە داعشیان کرد.

لە ئێستادا ئێزیدیەکانیش دابەش بوون لەسەر ئەوەی پێویستە چی ببێت. هەندێکیان دڵخۆشن بەوەی کوردەکان ڕۆشتوون و پێیان وایە دەرفەتیان زیاتر دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی. کوردەکان بەبێ شەڕ شەنگالیان دابەدەست یەکەی لالشەوە، کە هێزێکی چەکداری ئێزیدین و لەلایەن حەشدی شەعبی سەر بە بەغداوە پشتیوانیان لێ دەکرێت.

زۆربەی ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی قسەدەکەن بەڵام زۆربەشیان خۆیان بە کورد نازانن.

ئەبو سەردار پیاوێکی ئێزیدی تەمەن 47 ساڵان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " ئێمە دڵخۆشین بەوەی کوردەکان ڕۆشتن، ئیمە ئێزیدین کورد نین ئێمە نامانەوێت ببین بە بەشێک لە کوردستان." وەکو زۆربەی ئەوانی تر ئەبو سەرداریش گازندەی ئەوەی کرد کە کوردەکان زۆریان لێ کردووە لە ڕیفراندۆمەکەدا دەنگ بە بەڵی بدات، ئەمەش تۆمەتێکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نکوڵی لێ دەکات.

ئەو دوو مانگ بەر لە ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ مەڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی سنونی شنگال و بێهیوابوونێکی زۆری دەربڕی لەسەر ئەوەی کە لە ساڵی 2014 وە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەکراوە، نەخۆشخانەو خوێندنگاکان هێشتا داخراون لە کاتێکدا بەشێکی شارەکە هێشتا کاولە. ئەو هیوادارە بەغداو ملیشاکانی بتوانن شەنگال ئاوەدان بکەنەوە.

بەشێکی تریشیان پێیان ناخۆشە کە کوردەکان دەرچوون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ئێزیدیەکان سەرۆک وەزیری پێشووی عێراق نوری ئەلمالکی بە هەڵمەتەکەی داعش تاوانبار دەکەن. دەڵێن کشانەوەی هێزی عێراق لە موسڵ بوو بەهۆی ئەوەی بتوانن هێرش بکەن.

سەرکردەی لەشکری ئێزیدیەکان قاسم شەشۆ دەڵێت حکومەتی عێراق زۆر ڕەگەزپەرستەو بە ئەندازەی داعش دژی ئێزیدیەکانە.

وەکو هەمو ئەوانی تر ئەویش کوردەکان تاوانبار دەکات بە هێرشەکەی داعش، بەڵام دەشڵێت " هەر ئەوەمان هەیە." شەشۆ هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەسەڵاتدارە، هەرچەندە کوردەکان موچەی شەڕکەرەکانیان بڕیوە پاش ئەوەی یەکەی لالش دەستی گرت بەسەر شەنگالدا.

بەشێکی زۆری ئێزیدیەکان هێشتا لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین لە هەرێمی کوردستان . کارمەندانی هاوکاری کردن نیگەرانی ئەوەن کەمپەکان بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەرێمەوە دابخرێن.

شەڕو ناکۆکی نێوان تورکیا و پەکەکەش ڕەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. زۆرێک لە ئێزیدیەکان دەڵێن پەکەکە ڕێگەی بۆ کردنەوە تا بتوانن لە ساڵی 2014 لە دەستی داعش هەڵبێن.

پەکەکە ڕیشەی خۆی لە ناو کۆمەڵگاکەدا داکوتا، تەنانەت یەکەیەکی خۆجێهیشی دروست کرد بە ناوی یەکینەی پاراستی شەنگال کە کۆنترۆڵی چەندین خاڵی پشکنین دەکات لە دەوروبەری شەنگال. تورکیاو ئێرانیش لە نزیکەوە دەڕواننە ئاڵوگۆڕی دەسەلات لە شەنگال. ئێران دەخوازێت دڵنیابێت لەوەی ئەم ناوچەیە لە ژێر دەستی عێراقدا بێت هاوکات تورکیاش دەیەوێت ئەم ناوچەیە لە پەکەکە پاکبکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG