Accessibility links

بەرنامەی هەلەو واشنتن تایبەت دەبێت بە دۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە نێوان کێشەکانی بەغدا و هەولێردا


بەر لە ڕووداوەکانی 16 ی مانگی دە کە هێزە عێراقیـیەکان کەرکوک و زۆربەی ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکانیان کۆنترۆڵکردەوە بە بیرە نەوتیـیەکانیشەوە، حکومەتی ناوەندی عێراق هەمیشە دەیگوت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی بیرە نەوتیـیەکان نادات بە حکومەتی ناوەندی، بۆیە لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرپـرسیار نیـیە.

هەرچەندە حکومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت ئێستا ئامادەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بەو مەرجەی لیستی موچەخۆران لە ساختەکاری پاکبکرێتەوە، بەڵام نە بەغدا و نە هەولێر هەنگاوی جیدیان بەو ئاڕاستەیە نەناوە.

لە لایەکی دیکە خەڵکێکی زۆری ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان لە پاش ئەو ڕووداوانەوە ئاوارە و دەربەدەربوون و تەنانەت بەشێکیان ماڵەکانیان بە تاڵان بران و وێرانکران. ژمارەیەک لەو ئاوارانە ناڕەزایی زۆریان هەیە و دەڵێن نە دەسەڵاتی کوردی و نە حکومەتی ناوەندی ئاوڕیان لێ ناداتەوە.

جگە لەمانە، خراپی باری ئابوری هەرێم و کەمی خزمەتگوزاریـیەکانی وەکو ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و لەگەڵیشیاندا ئەم ڕەوشە ناهەموارەی هاتووەتە کایەوە کە شیانی هەیە لە هەموو ئان و ساتێکدا شەڕی نێوان پـێشمەرگە و هێزە عێراقیـیەکان هەڵبگیرسێتەوە، هێندەی دیکە خەڵکی نیگەران کردووە.

پـرسیار لێرەدا:

بۆچی هەنگاوی جیدی نانرێت بۆ کۆتایی‌هێنان بە کێشەکان و خەڵکی لەم دۆخە سەختە ڕزگاریان بێت؟

حکومەتی هەرێم دەڵێت بەغدا هەتا ئێستا داوای لێ‌نەکردووە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی بۆ ڕەوانەبکات، ئەی بۆچی حکومەتی هەرێم خۆی لیستەکەی بۆ ڕەوانە ناکات؟

ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە دەبێت کە حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی دەبات و میوانەکان ئەم بەڕێزانە دەبن:
ئەبو کاروان، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
خالید عەبدولکەریم، نووسەر و توێژەری کۆمەڵایەتی.
ئێوەش دەتوانن لە ڕێگەی ئیمەیڵ و فەیسبوک ڕاوبۆچوون و پـرسیارەکانی خۆتان بۆ بەرنامەکە ڕەوانە بکەن.

Email: kurdish@voanews.com

Facebook: voa.kurdish

XS
SM
MD
LG