Accessibility links

مه‌ولود باوه‌موراد:ڕێگا چاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم سودی نه‌بوو


مه‌ولود باوه‌موراد

مه‌ولود باوه‌موراد وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت،هه‌موو ئه‌و ڕێگا چاره‌سه‌رییانه‌ی گرتمانه‌ به‌ر بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی شكستی هێنا،ئێستا كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌ته‌نها له‌ده‌ست حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌."

له‌دوای ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم به‌بڕیاری حكومه‌تی عیراقی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان داخرا.مه‌ولود باوه‌موراد وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"نازانم كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا ده‌كرێته‌وه‌ چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ هه‌موو ڕاستیه‌كانم خستۆته‌ به‌رده‌میان و وه‌ هه‌وڵی جدیم داوه‌ ته‌نانه‌ت به‌هه‌موو جۆره‌كانی په‌یوه‌ندی،په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ین به‌ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت "له‌ده‌ست سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌)،ئه‌ویش وه‌ڵام ناداته‌وه‌. "

پاش جێ به‌جێ كردنی بڕیاری داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی،هه‌رێمی كوردستان له‌زاری به‌رپرسانی باڵا و وه‌زیری گواستنه‌وه‌وه‌ باسیان له‌وه‌كرد كه‌هه‌رێمی كوردستان ڕێگاچاره‌ی تری له‌به‌رده‌مدایه‌ ئه‌ویش په‌نابردنه‌ بۆ ڕێگاچاره‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌مه‌ش ده‌توانێت گه‌شته‌نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ده‌ست پێبكاته‌وه‌. "

به‌ڵام مه‌ولود باوه‌موراد وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئاشكرای كرد "كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌نای بردۆته‌ به‌ر ئه‌و ڕێگا چاره‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ش به‌ڵام ئه‌وان به‌ته‌نها وتیان "مه‌له‌فه‌كه‌مان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ "هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو وه‌ڵامه‌كه‌یان.،چونكه‌ ئه‌و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ش ده‌وڵه‌تان تێیدا ئه‌ندامن و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ده‌كه‌ن. "

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ هیچ ڕێگاچاره‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم سودی نیه‌ به‌ته‌نها به‌غداد نه‌بێت كه‌ده‌توانێت بڕیار له‌وباره‌یه‌وه‌ بدات. "

سه‌باره‌ت به‌دانانی ڕاداری تایبه‌ت به‌فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌،مه‌ولود باوه‌موردا وتی"له‌ڕووی ته‌كنیكیه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاسانه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌ندازیاری به‌توانامان هه‌یه‌ له‌وڕوه‌وه‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فڕۆكه‌كان و كۆمپانیاكان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕادارانه‌ ناكه‌ن و به‌ڵكو پێویستیان به‌ ڕاداری عیراقیه‌ چونكه‌ عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی سه‌روه‌ری زه‌وی و ئاسمانه‌."

مه‌ولود باوه‌ موردا ڕه‌تیشیكردوه‌"هیچ كۆمپانیایه‌كی فڕۆكه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عیراقی بتوانێت گه‌شتی فڕۆكه‌كانی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌،ئه‌وه‌شی له‌سه‌ره‌تای بڕیاری داخستنه‌كه‌ ده‌یانوت فڕۆكه‌كانمان له‌گه‌شت به‌رده‌وام بوو ڕاست نه‌بوو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ كڕیاره‌كانیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن و وایان زانی بڕیاره‌كه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژێكه‌."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت"به‌ته‌نها هه‌رێم نیه‌ زیانی كردووه‌،به‌ڵكو زیانی گه‌وره‌ به‌ر كۆمپانیاكان و ته‌نانه‌ت هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و یوئێنیش كه‌وتوه‌،یوئێن تیلفۆن بۆ ئێمه‌ ده‌كات كه‌ گه‌یشتینه‌ كوێ بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان؟ئێمه‌ش به‌وان ده‌ڵێین ئه‌ی ئێوه‌ گه‌یشتنه‌ كوێ؟"

به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌نگی ئه‌مریكا حكومه‌تی عیراقی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ڕووی گه‌شته‌نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌ڵام له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ ڕێگری له‌م بڕیاره‌ كراوه‌ ڕایگه‌یاندوه‌ ئه‌وه‌ جیاكارییه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بكرێنه‌وه‌."

له‌وه‌ڵامی ده‌نگی ئه‌مریكادا سه‌باره‌ت به‌دروستی ئه‌و زانیارییه‌،مه‌ولود باوه‌موراد وتی"به‌ڕاستی ئاگاداری بڕیاری له‌و جۆره‌ نیم،به‌ڵام نازانم كاك قوباد شتێكی بیستبێت یاخود نا چونكه‌ كاك قوباد تاڵه‌بانی به‌ منی وت،"ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یا وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عیراق په‌یوه‌ندی پێوه‌كردی و وتی"ئاماده‌ین فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كامدا بكه‌ینه‌وه‌ تۆ پێیان بڵێ"فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر به‌یه‌ك بڕیار داخراوه‌ پێویسته‌ به‌یه‌ك بڕیاریش هه‌ردوكیان به‌یه‌كه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌،به‌ڵام تا ئێستا هیچ كه‌س په‌یوه‌ندی پێوه‌نه‌كردوم ته‌نانه‌ت له‌پێش ئه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ هیچ كه‌س په‌یوه‌ندی ناكه‌ن هه‌رمن په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌"

XS
SM
MD
LG