کاربەدەستێکی باڵا لە ئەفغانستان کەوتۆتە ژێر ڕەخنەیەکی توندەوە بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەمین جار ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ئێرانی دراوسێی هەزاران ئەفغانی شیعە ئاینزای لە وڵاتانی تری ناوچەکەوە ناردووە بۆ شەڕ لە سوریا.
محەمەد موحەقیق ئەم لێدوانە مشتومڕ لەسەرەی لە میانەی سەردانێکی هەفتەی ڕابوردوو بۆ تاران داوە. لێدوانەکانی بە ڤیدیۆ تۆمار کراوەو لەلایەن میدیای ئەفغانییەوە پەخش کراوە، ئەمەش ڕەخنەکانی زیاتر کردووە بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داوای دەرکردنی دەکرێت.
لە کاتی لێدوانیدا لە کۆبونەوەی لوتکەیی زانایانی ئاینی نێونەتەوەیی لە ئێران، جێگری بەڕێوەبەری سەرەکی ئەفغانستان وا دیارە ستایشی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی دەکات کە سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە دەرەوەییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات. ئەو کۆنفرانسە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ڕووبەڕووبوونەوەی " ئایدۆلۆژیای تاریک" ی تیرۆرستانی داعش بوو بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران.
دەگوترێت ئەو ژەنەڕاڵە ئێرانییە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکەی فاتمیون کە زۆربەی شەڕکەرەکانی ئەفغانین و چوون بۆ سوریا بۆ شەڕ کردن.
موحەقیق لەو کۆنفرانسەدا گوتیەتی " من سوپاسی هەمو جەنگاوەرەکان دەکەم کە لە عێراق، سوریا، ئەفغانستان، پاکستان و بەشەکانی تری جیهانەوە لەم شەڕادا کۆبونەتەوە. ئەمە شەڕی ئیسلام بوو دژ بە بێبڕوایان."
موحەقیق گوتوشیەتی زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی کە لە شەڕ هەڵاتوون لە ناویاندا ئەوانەش کە لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیاوە هەڵاتوون، ئێستا لە ئەفغانستانن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری هەرێمەکانی سەر سنوری باکور و ڕۆژئاوا.