Accessibility links

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرجەم لیستەکانی هەڵبژاردنی کوردستانی هەڵوەشاندەوە


سلێمان مستەفا-جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان
سلێمان مستەفا-جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت"پاش درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردنەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لیستەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی داوە ئەو لیستانەشی کە وەک کەسایەتی بەشدارییان کردوە لەڕووی یاساییەوە لەبنەڕەتدا بونیان نەما."

سلێمان مستەفا لەمیانی لیدوانێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وتی"سەرجەم ئەو لیستانەی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان خۆیان تۆمارکردبوو لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵوەشێنرانەوە بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان."

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕەتی کردەوە کە بەتەنها (لیستی نەوەی نوێ و لیستی هاوپه‌یمانی دیموكراسی بۆ دادپه‌روه‌ری ) بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان درابێت و وتیشی"بە پێی یاسا هەڵوەشێنراونەتەوە نەک مەبەستی تر هەرچی شیکردنەوەی تری بۆ بکات دروست نیە،چونکە سەرجەم لیستەکانن کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە،بەڵام ئەو دوو لیستە و سەرجەم ئەو لیستانەی تر کە وەک کەسایەتی خۆیان تۆمار کردوە و حیزبی سیاسی نین لەڕووی یاساییەوە بونیان نەما"

سلێمان مستەفا ئەوەشی وت"ئەو دوو لیستە دەتوانن بچن لەوەزارەتی ناوخۆ بەپێی یاسای ژمارە(17)ی ساڵی(1993)خۆیان تۆمار بکەن وەک حیزبی سیاسی و درێژە بەکارەکانیان بدەن.'

هەروەها ئەوەشی وت"ئەگەر وادەی هەڵبژاردن دیاریکرایەوە جارێکی تر ئەوا سەرجەم لیستەکان بە لیستی کەسایەتیەکانیشەوە دەتوانن بێن لە کۆمسیۆن خۆیان تۆماربکەن و ژمارەی نوێیان پێدەدرێت.'

هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان بڕیاری درێژکردنەوەی خولی دانیشتنەکانی خۆیدا بۆ هەشت مانگ هەڵبژاردنەکانی دواخست،ئەمەش پاش ئەوەی کە بڕیاربوو ڕۆژی(1-11-2017) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.

XS
SM
MD
LG