Accessibility links

مەسعود بارزانی وتارێکی تەلەفیزۆنی پێشکەش دەکات


مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی بڵاو کردەوە کە تیایدا باسی لە چەدین لایەنی ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.

بارزانی گوتی " لە کاتی شەڕی داعش هەمو لایەک پشتگیری لە پێشمەرگە دەکرد بەڵام لەکاتی پێویستدا هەمو لایەک گەڕانەوە سەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان."

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بارزانی ڕایگەیاند "بڕیاربوو سەرەتای مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکەوە نەتوانرا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، بۆیە پەرلەمان بڕیاریدا بۆ ماوەی هەشت مانگ تەمەنی خۆی درێژکردەوە، بەڵام من نامەم بۆ پەرلەمان نووسیوە و ڕەتمکردووەتەوە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەم درێژ بکەنەوە".

سەبارەت بە ڕیفراندۆمەکە بارزانی گوتی تەنها بیانویەک بوو بۆ هێرش کردنە سەر کوردەکان و ئەگەر ئەوەش نەبوایە ئەو هێرشە هەر دەکرا. بەڕێز بارزانی گوتیشی ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندبوو مەبەستی ڕێفراندۆم ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە و گوتی " ئەگەر مەبەستمان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیبوایە یەکسەر لەکاتی لاوازبوونی لەشکری عێراقی دەمانکرد."

بارزانی ئەو شتانەی لە کەرکوک ڕوویاندا وەکو خیانەتێک ناودێری کرد و گوتی " قەت پێشبینی نەدەکرا و بە خەیاڵدا نەدەهات، ئەوەبوو کە شەوی ١٥/١٦ ی ئەم مانگە، خیانەتکرا لە کەرکوک و خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و کورد درا، هەروەها دەنگی سێ ملیۆن کەسی کوردستانیان خستە بەردەم کۆسپێکی گەورە، ئەگەر ئەو خیانەتە نەکرایە ئێستا دۆخەکە بەشێوەیەکی تر دەبوو".

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بارزانی گوتی " ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد ئەو کەسانەی کە ئەمەریکا ئەوان بە تیرۆرست دەزانن بە تانکەکانی ئەمەریکا هێرش بکەنە سەرئێمە."

شایانی باسە مەسعود بارزانی لە نامەیەکدا دوێنێ شەممە داوای لە پەرلەمان کردبوو کە دەسەڵاتەکانی ئەو دابەش بکەن بەسەر حکومەت، پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری. ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمان یاسایەکی بە پێی نامەکەی بارزانی پەسەند کرد.

XS
SM
MD
LG