Accessibility links

پشێوی و ئالۆزیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق


بەرلە دانیشتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕابوون مەعروف ئەندامی پەرلەمانی هەرێم ڕێگەی لێگیرا لەوەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی خۆی تەواو بکات کە سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.

دوای دواخستنێکی یەک کاتژمێری دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کارنامەی دانیشتنەکەی خوێندەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان ئاماژە بەوە کردووە ئەرکەکانی مەسعود بارزانی کە درێژکردنەوەی پۆستەکەی ڕەتکردۆتەوە لێرەدا تەواو نابێت. ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان کە جەنابی سەرۆک وەک سەرکردەی کاریزمی کردەیی مێژووە لە خزمەتی کوردستان بەردەوام دەبێت وەک پێشمەرگەیەک."

دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر ئەو نامەیەی کە بارزانی ڕەوانەی پەرلەمانی کردووە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی. هاووڵاتی چەتۆ تەڵعەت دەڵێت " سەرۆک هەڵە نەبووە شتێکی کردووە کە داوای مافی خۆی کردووە حەق وایە هەر خۆی سەرۆک بمێنێتەوە لەبەر ئەوەی حەقی خۆیەتی". هاووڵاتییەکی تر بە ناوی ڕێباز بژار دەڵێت " سەرۆک بارزانی توانی مێژوویەکی جوان دانێت بۆ کورد لەم کاتەدا پێم باش نییە بکشێتەوە وەکو مەرجەعیش بمێنێتەوە هەر باشە." هاووڵاتی عەبدوڵا نەبیش دەڵێت " دەستلەکار بکێشێتەوە یان نا هیچ ناگۆڕێت چونکە ئێستا تەنها یەک شت هەیە ئەگەر ئەمەریکا بەرگری لە کورد بکات ئێمە دەتوانین هەستینەوە بەڵام ئەگەر بەرگری نەکات ئەوا ئێمە ڕۆشتین."

ئەم ڕووداوانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دوابەدوای ئەو ڕیفراندۆمە دێت کە ڕۆژی 25 ی مانگی 9 بۆ سەربەخۆیی هەرێم کرا.

XS
SM
MD
LG