Accessibility links

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەسەڵاتەکانی خۆی دابەش دەکات


کاربەدەستێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ماوەی سەرۆکایەتی لە پاش 1 ی مانگی 11 وە درێژ ناکاتەوە.

ئەم بڕیارەی بارزانی چەند هەفتەیەک پاش ئەوە دەێت کە ئەنجامدانی ڕیفرانۆدم بۆ سەربەخۆیی بوو بە هۆی قەیران بۆ کوردەکانی عێراق کە بۆ ماوەیەک بوو خاوەنی خودموختاریەکی بێپێشینە بوون.

کاربەدەستە کوردەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە بارزانی ڕۆژی شەممە لە نامەیەکدا پلانی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی ناردووە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. لە نامەکەدا داوا کراوە دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە نێوان حکومەت، پەرلەمان و دەستەی دادوەریدا دابەش بکرێت.

خولی ئێستای سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە 1 ی مانگی 11 کۆتاییپێدێت، هەمان ئەو کاتەی کە بڕیاربوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەنجام بدرێت. بەڵام ئەو هەڵبژاردنانە لە هەفتەی ڕابوردوو بەهۆی کێشەکانی ناوچەکەوە دوواخران.

ڕەخنەگران دەڵێن ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی 9 بۆ سەربەخۆییی کەلەلایەن بارزانی تەمەن 71 ساڵانەوە ڕێکخرابوو و پشتیوانی لێ دەکرا، گرفتی بۆ کوردەکانی عێراق دروست کرد.

پاش کەمتر لە چوار هەفتەی کە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕای دەنگ دەنگیان دا بۆ جیابوونەوە لە عێراق، حکومەتی ناوەندی هێرشی لەشکری کردە سەر شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت کە کوردەکان بە خاکی خۆیانی دەزانن و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتیان دەبوو بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ.

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا حکومەتی عێراقی چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی کۆنترۆڵ کرد و فشارێکی زۆری خستە سەر بارزانی بۆ دەستلەکار کێشانەوەی و تێکشکاندنی خەونی لەمێژینەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی.

سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادی لە ڕۆژی پێنجشەممە داوای کرد کوردەکان ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بە تەواوەتی هەڵبوەشێننەوە.

شایانی باسە لە سەرەتای ئەم ساڵدا بارزانی ڕایگەیاند خواستی ئەوەی نییە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ بکاتەوە، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە کەم خەڵک هەبوو بڕوا بەوە بکات پەیمانەکەی خۆی بەجێ بگەیەنێت.

مەسعود بارزانی لە ساڵی 2005 وە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، دواین جار لە ساڵی 2009 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە هەرێمەکە ئەنجام دراوە کە تیایدا بارزانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا. تێرمی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2013 کۆتاییپێهات و بۆ دوو خول درێژ کرایەوە.

چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک بارزانی بەرلەوەی بە فەرمی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بێت وتارێک پێشکەش بە خەڵکی بکات.

XS
SM
MD
LG