Accessibility links

هەفتەی داهاتوو بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەردانی ئێران دەکات


دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند بەڕێوبەری گشتی دەزگاکە هەفتەی داهاتوو ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ئێران دەکات بەمەبستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوە دەکات ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەناوببات کە ئامانجی ڕێکەوتنەکە سنووردانانە بۆ بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران.

دەزگاکە وتیشی یۆکیا ئامانۆی بەڕێوبەری دەزگاکە گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکات لەلایەن ئێرانەوە.

ئەم سەردانەش لەمیانەی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا دێت سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کاتێک ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە پەسەند بکات.

ئێستا 60 ڕۆژ هەیە لەبەردەست کۆنگرێسی ئەمەریکادا تاوەکوو بڕیار بدات کە ئایا سزا داراییەکان دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا یاخود نا، کە ئەم سزایانە بەهۆی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە لابرابوون لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێران دەبێت چالاکی بەرنامە ناوەکییەکەی ڕابگرێت.

ئامانۆ بەرگری لە ڕێکەوتنەکە کردووە و بە دەستکەوتێکی گرنگی دەزانێت و دەزگاکەی ئەرکی چاودێریکردنی ئێرانی بەدەستە بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە یان نا. ئامانۆ چەند جارێک دووپاتی کردۆتەوە کە ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە.

دەزگاکە باسی لە ڕەتکردنەوەکەی سەرۆک ترامپ نەکردووە بۆ پەسەندکردنی پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنەکەوە. سەرکردەکانی ئەوروپاش پابەندبوونی خۆیان بە ڕێکەوتنەکەوە نوێ کردەوە و هیوادارن کۆنگرێس لەناوی نەبات.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا ڕابەری ئێران عەلی خامنەئی وتی تاران پابەند دەبێت بە ڕێکەوتنەکەوە ئەگەر هەموو لایەنەکانی دیکەش پابەند بن پێوەی بەڵام ئەگەر بێت و ئەمەریکا لێی بکشێتەوە ئەوا ڕێکەوتنەکە لەناو دەبات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG