Accessibility links

زرێپۆشەکانی تورکیا دەچنە ناو سوریاوە


.
.

دانیشتوان و سەرهەڵداوانی خۆجێیی لە ناوچەکانی سەر سنوری نێوان تورکیاو سوریا دەڵێن زرێپۆشەکانی لەشکری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە بە یاوەری گروپی هاوپەیمانێتی جیهادی تەحریر ئەلشام چوونە ناو پارێزگای ئیدلبی سوریاوە.

ئەوان دەڵێن چەند ئۆتۆمبێلێکی لەشکرییان بینیوە کە هێزی تورکی تێدا بووە و لە خاڵی سنوری ئەتماوە چوونەتە ناو ئیدلبەوە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی سەرهەڵداوانی سوریا بە پشتیوانی هێزی تورکیا ئۆپەراسیۆنێک لەو ناوچەیە ئەنجام دەدەن کە زۆربەی لە ژێر دەستی تەحریر ئەلشامدایە.

هەر لە ڕۆژی یەکشەممە چاودێرانی شەڕی سوریا ڕایانگەیاند پێکدادان لە نێوان هێزەکانی تورکای و گروپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە ڕوودیاوە.

ئەم ڕووداوانەش دوابەدوای ڕێککەوتنێکی نێوان تورکیا و ڕوسیا و ئێرانی هاوپەیمانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەدەوە دێت بۆ دانانی ناوچەیەکی ئارام لە ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ کەمکردنەوەی شەڕەکان لەوێ بەڵام ئەم ڕێککەوتنە تەحریر ئەلشامی تێدا نییە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت پێکدادانەکان لە نزیک گوندی کەفر لوسەین لە ئیدلب ڕوویانداوە.

تەحریر ئەلشام بەشێک بوو لە بەرەی نوسرە کە هەتا ساڵی ڕابوردوش شانەیەکی ئەلقاعیدە بوو لە سوریا.

XS
SM
MD
LG