Accessibility links

سەرەڕای شکستەکانی، سەرۆک ترامپ هەوڵی بەهێزکردنی بنکەی جەماوەری دەدات


سەرۆک ترامپ هەفتەی ڕابردوو ڕوبەڕوی بەشی شکستی سیاسی خۆی بۆوە لەوانە شکستێکی دیکە لەسەر خزمەتگوزاری تەندروستی. ڕێژەی ڕەزامەندی گشتی لە شێوازی کارەکانی سەرۆک ترەمپ هێشتا هەر نزیکەی لەسەدا چلە. بەڵام بنکەی سیاسی جەماوەرەکەی هەر وەک خۆیەتی.

لە هەوڵێکیدا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن دوای هەفتەیەکی دژوار، سەرۆک ترامپ سەنگی سەرنجی خۆی خستە سەر بەڵێنێکی سەرەکی سەروەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کە مەسەلەی باجە ئەو گوتی" کاتی ئەوەیە خزمەتی هاوڵاتیانمان بکەم، بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکەمان ، هەروەها خەبات لە پێناو ئەمەریکاییە کارکەرەکانمان بکەم ".

ئەم گۆڕانە پاش شکستێکی دیکەی کۆماریەکان لە ئەنجومەنی سینات دێت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە و جێگرتنەوەی یاسای خزمەتگوزاری ناسراو بە Obama Care ، ئەو کارەی سەرکەوتنێک بە دیموکراتەکان و چەک شومەری سەرۆکی دیموکراتەکان لە سینات دەدات.

لەم بارەیەوە شومەر دەڵێت " هۆکاری شکستهێنانی ئەم پڕۆژە یاسایە ئەوەیە بە ملیۆنەها ئەمەریکایی لێی ڕازی نەبوون".

سەرۆک ترامپ و دامەزراوەی کۆماریەکان دووچاری شکستێکی دیکە بوون بەهۆی سەرکەوتنی رۆی مۆر کەسایەتی ئەوپەڕی پارێزەر لە دەنگدانی بەرایی ئەنجومەنی سینات لە ستانی ئەلەباما و ناوبراو دەڵێت " ئێمە بۆ کاتێکی کورت لێرەین لەسەر زەوی و ئەرکی ئێمە لەم ماوە کورتەدا بریتیە لە خزمەتکردنی پەروەردگار".

بیڵ گاڵستن شیکار دەڵێت ئەم سەرکەوتنەی رۆی مۆر بەڵگەیەکی نوێی دابەشبوونی کۆماریەکانە کە کاریگەری لەسەر سەرۆک ترامپ دەبێت.

هاوکات جۆن فێری ستراتیژدارێژەری کۆماریەکان دەڵێت وێڕای ئەم شکستەی سەرۆک ترامپ ، بەڵام پێدەچێت پشتیوانکارانی سەرەکی سەرۆک پشتی بەرنەدەن ئەو گوتیشی" لە ڕاستیدا سروشتی تێکدەرانەی سەرۆک ترامپ زۆر بە باشی لەگەڵ بنکە جەماوەریەکەیدا کاریگەری هەبووە کە لە واشنتن زۆر نیگەرانن".

سەرۆک ترامپ هیواخوازە سەرکەوتنی لە چاکسازی باجدا پیگەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوی کۆنگرێسدا بەهێز بکات.

XS
SM
MD
LG