Accessibility links

حەیدەر ئەلعەبادی باس لە شیانی بەکارهێنانی هێز دەکات ئەگەر بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانەوە توندوتیژی دروست ببێت


سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادی لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ڕایگەیاندووە عێراق ئامادەیە ڕێگەی لەشکری بگرێتەبەر ئەگەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان ببێتە هۆی توندوتیژی.

عەبادی دەشڵێت ئەگەر لە دەرەوەی یاسا هەڕەشەی هێز لە گەلی عێراق بکرێت ئەوا ئێمەش ڕێگەی لەشکری دەگرینەبەر.

هەرێمی کوردستانی عێراق پلانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بۆ پشتیوانی کردن لە سەربەخۆیی لە 25 ی مانگی 9 هەیە. بڕیارە لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانیش ئەنجام بدێت.

عەبادی لە وتووێژەکەدا ڕایشیگەیاندووە " ئەگەر سەرپێچی لە دەستوور و سنوورەکانی عێراق و سنووری ناوچەکە بکەیت، ئەمە بانگهێشتکردنێکی ئاشکرای وڵاتانی ترە بۆ ناو هەرێمەکە و بۆ پێشێلکردنی سنووری عێراق ئەمەش ڕەوشێکی زۆر مەترسیدارە."

ڕێبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێن بەو هیوایەن ڕیفراندۆم فشار ببات بۆ بەغدا تا بێتە سەر مێزی دانوستاندن و زەمینەیەک بۆ سەربەخۆیی دروست بکات. هەرچەندە عەبادی دەڵێت وتووێژی بەو جۆرە ڕەنگە بە ڕیفراندۆمەکە ئاڵۆز ببێت " ئەمە زۆر سەختتری دەکات" بەڵام گوتیشی " من هەرگیز دەگاری وتووێژ کردن داناخەم هەمیشە شیانی وتوویژکردن هەیە."

کوردەکانی عێراق لە ژێر فشارێکی زۆری زلهێزانی هەرێمی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای هاوپەیمانی سەرەکیان و بەغداشدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمەکە.

کۆشکی سپی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تیایدا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات ڕێفراندۆمەکە هەڵبوەشێنێتەوەو بچێتە و وتووێژێکی ڕژد و بەردەوام لەگەڵ بەغدا دەستپێبکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە " ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە تایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان توڕەبوون و نائارامی لێدەکەوێتەوە."

پشێویی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چەند مانگێکە بەهۆی ڕاگەیاندنی ڕۆژی ڕیفراندۆم ئاڵۆزتر بووە.

XS
SM
MD
LG