Accessibility links

ئەبوبەکر کاروانی: لە ئێستاوە تا ڕۆژی ڕیفراندۆم دەبێت هەموو کاتەکە بۆ هێنانە ئارای هاوڕایی نیشتمانی بەکاربهێنرێت


ئەبوبەکر کاروانی

کورد لە باشوری کوردستان لە ساڵی 2005 دا ڕیفراندۆمی کرد و زیاتر لە سەدا نەوەت و هەشتی بەشداربووانیش دەنگیاندا بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق.

ئەبوبەکر کاروانی، نوسەر و سیاسەتمەدار یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2005، دەڵێت جیاوازی هەیە لە نێوان ئەم ڕیفراندۆمەی بڕیارە ڕۆژی 25 ی مانگی نۆ بکرێت لەگەڵ ئەوەی 12 ساڵ لەمەوبەر کرا لەوانە وەک باسی دەکات، ڕیفراندۆمەکەی ئەوسا نافەرمی بووە و هێزە سیاسییەکانی ئەو کاتە خۆیان نەکرد بە خاوەنی، دووهەم خاڵی جیاوازیش لەوەدایە کە ئەوسا تازە هەرێمی کوردستان بەرەو یەکگرتنەوە دەچوو وە هیوا و گەشبینییەکی زۆرتر لەناو هەرێمی کوردستاندا هەبوو، سێهەم خاڵیش ئەوەیە لە ساڵی 2005 دا خەڵک بە ڕیژەیەکی بەرز بەشدارییان لە ڕیفراندۆمەکەدا کرد، چوارهەم جیاوازیش ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئەوسای کورد وەک کارتێک ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمیان بەکارهێنا بۆ چەسپاندنی فێدراڵی، بەڵام وەک بەڕێز کاروانی دەڵێت نەتوانرا بۆ چەسپاندنی بەندێک لە دەستوری عێراقدا بەکاربهێنرێت کە ئەو مافە بە کورد بدات بتوانێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات.

کارتی دەنگدان لە ڕیفراندۆمەکەی 2005
کارتی دەنگدان لە ڕیفراندۆمەکەی 2005

لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2005 دا دەنگدەرانی کورد بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا نەوت و هەشت دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا، بەڵام بۆ ڕیفراندۆمی ئەمساڵ گومان زۆرن کە ڕێژەی پەسەندکردنی جیابوونەوە لە عێراق بەو ڕێژەیە بێت. بۆچی؟

ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت ئەمەش ئاماژەیە بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی دامودەزگا سیاسییەکانی هەرێم و دڕدۆنگی و ڕکابەری سیاسی نێوان هێزە سیاسییەکان و قەیرانی ئابوری هەرێمی کوردستان کە بوونەتە مایەی جۆرێک لە بێهیوایی و دابەزینی کێرڤی هاندانی نەتەوەیی و پاشەکشەی گوتاری نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە و دەشڵێت هەڵە گەورەکە لەوەدایە دۆسێی نەتەوەیی لە هەندێک سەرکردە و لایەنی سیاسیدا بەرجەستە بکرێت.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، ئەبوبەکر کاروانی ئاماژەش بەوە دەکات کاتێک باس لە پڕۆژەیەکی گەورە و نیشتمانی و چارەنوسسازی وەک ڕیفراندۆم دەکرێت، ئەوا دەبێت زەمینەی بۆ سازبکرێت و دەڵێت بەربەستە بابەتییەکان لەبەردەم کورددا بۆ سازدانی ریفراندۆم لاوازن لە ئێستادا بەڵام مەخابن بەربەستی ناوخۆ بۆتە ڕێگر و دەشڵێت ئەوە پرسیارێکی ڕەوایە بەرامبەر هەر سەرکردەیەک کە دۆسێی ڕیفراندۆم دەوروژێنێت نابێت سەرقاڵ بێت بە پرس و کێشە ناوخۆییەکانەوە، چونکە ئەم دۆسێی ڕیفراندۆمە گەورەیە و دەرهاوێشتەی لێدەکەوێتەوە و ئەمەش پێویستی بە هەڵوەێستی یەکگرتووانە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەرهاوێشتانە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

XS
SM
MD
LG