Accessibility links

مشتومڕ لەسەر خوێدنی زیندەوەرزانی لە تورکیا


بە گوێرەی ئەو بژارکارییە دەستورییەی لە ساڵی 1928 کرا، جیاکردنەوەی دەوڵەت لە کڵێسا لە دەستووری تورکیادا هاوپێچکراوە. بەڵام حکومەتەکەی ئێستای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕووبەڕووی هەندێک ڕەخنە بووەتەوە بەهۆی لادانی لەو بەڵێنە مێژوییەی تورکیا بۆ سیکیولاریزم دابووی. نوێترین هەنگاوی حکومەتەکەی ئەردۆغان قەدەغەکردنی خوێندنی دروستبوون و گەشەکردنی زیندەوەرانەیە لە قۆناغی ئامادەیدا.

خوێندکاران لە تورکیا كە دەگەنە قۆناغی دووا ناوەندی چیتر تیۆری داروێن ناخوێنن ئەوەی دەڵێت سەرجەم بونەوەرەکان یەک بنەچەی هاوبەشیان هەیە. ئەمەش بیرۆکەیەکی سانایە کە بنچینەی لێکۆڵینەوەی ژیانە لەسەر زەوی و ئەولاتریش.

لە ڕونکردنەوەیدا لەسەر ئەم بڕیارە، حوکمەتی ئەردوغان دەڵێت خوێندکاران " بنەمای زانستیی پێویستیان لەسەر تیۆریەکەی داروین نییە ، هەروەها زانیاری پێویستیش بۆ تێگەیشتن لەو تیۆرییە نییە.

ئەلپەسەلان دورموس ئەندامی دەستەی فێرکاری نیشتمانی دەڵێت "ئێمە هەوڵماندا ئەو بابەتانەی لە سەرو ئاستی تێگەیشتنی خوێندکارانە لە بواری فێرکاریدا لابدەین ، یان هەوڵماندا بڕێک لە مەسەلەکانی پەیوەست بەوانەی مایەی مشتومڕن لە ئەجێندای خوێندکاران لابدەین".

هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن ئەنجامی ئەم کارەش وادەکات منداڵانی تورکی بە هێندی پێوست ئەو زانیاریانە فێر نەبن هەتا بتوانن لەسەر ئاستی جیهانی پێشبڕکێ بکەن.

عەلادین دینچەر زانای فێرکاری لە تورکیا دەڵێت "سیستمی فێرکاری تورکی لە بواری زانستە بنەڕەتیەکاندا زۆر لاوازە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەروەها تاقیکردنەوەکانی نێونەتەوەییشدا. جا لە بیرکاریدا بێت یان فیزیا، کیمیا یان لە بایۆلۆژی خوێندکارانی تورک ڕێژەی نمرەکانی دەرچون تیایاندا زۆر نزمە بەڵکو لە ڕاستیدا ئەوپەڕی نزمە . جا ئەگەر منداڵەکانمان فێرنەکەین ، ئەوا منداڵەکانی نەوەی داهاتوومان بە بێ هەبوونی زانیاری لەسەر زانست و تیۆری داروین ، ئەو کاتە چۆن دەتوانیت بڵێیت کە وڵاتەکەمان واتا تورکیا لە ڕووی زانستییەوە ڕۆشنبیرە یان چۆن دەتوانیت وتوێژێکی پۆزەتیڤ لەگەڵ زانایانی ئایندە بکەیت".

ڕەخنەگرانی تریش دەڵێن ئەمە بەشێکە لە پلانی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ چاندنی ناسنامەی ئیسلامی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیدا.

هاوشێوەی زانایانی کڵیسای کاسۆلیک، زۆرێک لە زانایانی بواری ئیسلامی دەڵێن تیۆریی دروست بوون و گەشەی زیندەوەران بە ئاسانی لەگەڵ یەک پێکەوە هەڵدەکەن.

ئیحسان ئیلیاچیک ، زانای زانستی لاهوتی ئیسلامی دەڵێت "ئەگەر شتێک ڕاستیەکی زانستی بێت ، ئەوا تۆ ناتوانیت لە دژی بوەستیت ، جا ئەگەر تیۆری دروستبوونی زیندەوەران ڕاستیەکی زانستی بێت و لە سروشتدا هەبێت ، هیچ کەسێک ناتوانێت لە دژی بێت، چونکە ئەوە ڕاستیەکە. بەرهەمی خەیاڵ ناتوانێت درۆیەک داپۆشێت ، بڕوای ئاینی ناتوانێت ڕاستی لە ناوبەرێت. سەرباری ئەمەش بە بڕوای ئاینی خۆم ڕاستی زانستی واتای ڕاستی ئاینییە و هەردوکیان دژبەری یەک نین."

ئەم مشتومڕە دوایین بابەتە لە مشتومڕی تورکیای مۆدێرندا لەگەڵ خۆی، لەو کاتەوەی لە ساڵی 1923 وە دامەزراوە . هاوکاتی ئەوەی سەرۆک ئەردۆغان ڕابەرایەتی ئەو وڵاتە دەکات، هەتا ئێستا زەرەرمەندی ڕاستەقینە منداڵانی تورکیان ئەوانەی خوازیاری فێربوونن لە بواری زیندەوەر زانیدا.

XS
SM
MD
LG