Accessibility links

سوریا و ڕوسیا ئەمەریکا بە کاری تێکدەرانە تاوانبار دەکەن


حکومەتی سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانی ڕۆژی پێنجشەممە واشنتۆنیان تاوانبار کرد بە ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لە سوریا، کە پاشان حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی تاوانبار بکەن بۆ ڕەوایدان تا هێرشێک بکاتە سەر سوریا.

لە بەیاننامەیەکی کە لە ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی سوریا بڵاو کراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت تۆمەتەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە کە سوریا خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشێکی چەکی کیمیایی و ئەو قسانەی بە "بەلاڕێدابردن" و "بەتەواوەتی بێبنەما" ناودێر کرد.

وەزیری دەرەوەی سوریا گوتوشیەتی تۆمەتی لەو جۆرە تەنها بۆ ئەوەیە " ڕەوایەتی بدەن بە هێرشێکی نوێ بۆ سەر سوریا هاوشێوەی ئەوەی کە لە مانگی 4 ڕوویدا" کاتێک ئەمەریکا هێرشی کردە سە بنکەیەکی ئاسمانی سوریا کە گوتی لەوێوە هێرشە کیمیاییەکەی سەر خان شێخون ئەنجام دراوەو نزیکەی 90 کەسی تێدا کوژران.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆشکی سپی هۆشداری دا حکومەتەکەی ئەسەد خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشێکی تری کیمیایی و گوتی ئەگەر ئەنجامی بدەن ئەوە گران دەکەوێت لەسەر دەسەڵاتدارانی سوریا.

لە ڕۆژی پێنجشەممەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا مارییا زەخارۆڤا گوتی مۆسکۆ زانیاری دەستکەوتووە کە سەرهەڵداوانی سوریا لە ئێستاوە ڤیدیۆیان دروست کردووە کە دیمەشق بە هێرشی کیمایی تاوانبار بکەن.

ئەو گوتیشی بە پێی زانیارییەکانی دەستی ڕوسیا کەوتووە ڕەنگە شارۆچکەکانی سەراقیب و ئەریحە ببن بە شوێنی سیناریۆکە. هەردوو شارۆچکەکان لە هەرێمی ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای سوریان و لە ژێر دەستی سەرهەڵداواندان.

XS
SM
MD
LG