Accessibility links

دادگایەکی ئیسرائیلی سزای  ڕۆژنامەوانێک دەدات


دادگایەکی ئیسرائیلی ڕۆژی یەکشەممە فەرمانی دا ڕۆژنامەوانێک بڕی پتر لە 25 هەزار دۆلار بدات بە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بە هۆی ئەوەی ئەو ڕۆژنامەنوسە ناوی سەرۆک وەزیران و هاوسەرەکەی سارای زڕاندووە.

دادوەری دادگایەک لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل دەڵێت ڕۆژنامەوان ئیگال سارنا کە کار بۆ ڕۆژنامەی ناوداری Yediot Ahronot دەکات ، لە بابەتێکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبووکدا بڵاوی کردبۆوە گوتبووی؛ هاوسەری سەرۆک وەزیران لە میانەی دەمەبۆڵەیەکی لەگەڵ مێردەکەی لە نێو ئوتومبێلەکەیاندا، بنیامیان نەتەنیاهوی لە ئوتومبیلەکە دابەزاندوەتە خوارەوە و دەری کردوە. ڕۆژنامەی ئاماژە پیدراوی ئیسرائیل زۆر جار لە نوسینەکانیدا رەخنە لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت.

بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو مەسەلەیە بنیامین نەتەنیاهوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەمانگی سێ ی ئەمساڵدا ئامادەی بەردەم داداگا بوو بۆ ئەوەی لە دژی ئەو ڕۆژنامەنوسە شایەتی بدات. بەڵام سارنا ی ڕۆژنامەوان گوتویەتی کە ئەو بەڵگەی ئەوەی هەیە ڕاستی ئەو هەواڵەی کە لە فەیس بوک بڵاویکردبۆوە بسەلمێنێت. بەڵام دادگاکە دەڵێت مەبەستی سەرەکی ئەو ڕۆژنامەنوسە و بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، تەنها بۆ ناوزڕاندن و ئابڕوبردنی بنیامین نەتەنیاهو بووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وهاوسەرەکەی دەڵێن دادگا بەو بڕیارەی لە دژی ئەو ڕۆژنامەوانە داوێتی و دەبێت پتر لە 25 هەزار دۆلار بدات ، بەوە مافی بۆیان گەڕندوەتەوە.

XS
SM
MD
LG