Accessibility links

وڵاتانی جیهانی هێرشەکانی لەندەن شەرمەزار دەکەن


وڵاتانی کەنداوی عەرەب هێرشە تیرۆرستییەکەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی لەندەنیان شەرمەزار کردووە کە 7 کەسی تیدا کوژرا و زیاتر لە 40 کەسیش بریندار بوون.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، قەتەر، بەحرەین، عەمان و کەوەیت بەیاننامەی جیاجیایان بڵاو کردۆتەوە کە تیایدا هێرشی لەو جۆرە شەرمەزار دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی بەرتانیا ڕادەگەیەنن.

باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیە لە بەریتانیا داوای لە هاووڵاتیانی لە لەندەن کرد لە شوێنە گشتییەکاندا ئاگاداری خۆیان و بە پێی ڕێنماییەکانی پۆلیس بڕۆن.

لە تورکیا وەزارەتی دەرەوە دڵگرانی خۆی ڕاگەیاند. وەزارەتەکە دەڵێت " تورکیا و گەلی تورک کە خۆشیان ئامانجی هێرشی هاوشێوە بوون، تێدەگەن لە ئازارەکانی گەلی بەریتانیا". وەزارەتەکە جەختی کردۆتەوە لە ئامادەیی تورکیا بۆ هاوکاری بەریتانیا لە شەڕی دژ بە توندڕەوەی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو هێرشە تیرۆرستیەی لەندەنی مەحکوم کرد و هاوخەمی بۆ قوربانان و خێزانەکانیانی دەربڕی. تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە زاری بەهرام قاسمییەوە ڕایگەیاند کە زیاد بوونی هێرشی تیرۆرستی هۆشدارییەکە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی. ئەو هەمو جۆرە تیرۆسمێکی شەرمەزار کرد.

هەر لە ڕۆژی یەکشەممە پاپا فرانسس نوێژ و نزای کرد بۆ قوربانیانی هێرشەکانی لەندەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیاش سەرەڕای سەرزنشت کردنی هێرشەکان ڕایشی گەیاند کە هاووڵاتییەکی ئیسپانیش لە نێو ئەو دەیان کەسەدایە کە بریندار بوون. گوتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی ئەسۆسیەیتدی ڕاگەیاند پیاوە ئیسپانیە بریندارەکە براوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت و ڕەوشی تەندروستی جێگیرە.

سەرۆکی ڕویسا ڤلادمیر پوتنیش بە بەیاننامەیەک هاوخەمی خۆی بۆ سەرۆک وەزیری بەریتانیا تەریسا مەی دەربڕیوە و دەڵێت پێویستە وەڵامی ئەم جۆرە هێرشانە بە هەوڵە هاوبەشەکانی دژ بە هێزی تیرۆر لە سەرانسەری جیهاندا بدرێتەوە.

سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیش جگە لە هاوخەمی دەربڕین گوتیشی هاووڵاتیانی فەرەنسیش لە نێو قوربانیەکاندان.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی لەندەن دەربڕی و گوتی ئەمڕۆ ئێمە یەکگرتوو بووین لە پشتی هەمو سنوورەکانەوە لە هاوخەمی دەربڕینمان بۆ قوربانیان. و ڕایشیگەیاند لە شەڕی دژ بە هەمو جۆرێکی تیرۆرسم ئێمە پشتیوانی لە بەریتانیا دەکەین.

XS
SM
MD
LG