Accessibility links

شای عەرەبستانی سعودیە کوڕەکەی دەکات بە باڵیۆز


شا سەلمانی عەرەبستانی سعودیە شەوی شەممە بڕیارێکی دەرکرد و یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوی کە فڕۆکەوانی هێزی ئاسمانییە و بەشداری کردووە لە هێرشەکانی هێزی هاوپەیمانان دژ بە داعش، دەستنیشان کرد بۆ باڵیۆزی نوێی شانشینەکە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

دەستنیشان کردنی شازادە خالد بن سەلمان بۆ ئەو پۆستەی واشنتۆن ئامادەیی شانشینەکە نیشان دەدات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنیەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک دانۆڵد ترامپ. لە کاتێکدا کوڕەکەی شای سعودیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی دەبێت لەگەڵ فەرمانڕەوایانی سعودیەدا.

عەرەبستانی سعودیە سێهەمین وڵاتە بۆ خەرجیی بەرگری. ئەم دەستنیشان کردنەی شازادە خالد ئەو پێگەیەی دەداتێ کە بتوانێت سەودای کڕینی چەک لەگەڵ کارخانەکانی ئەمەریکادا بکات.

پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئەمەریکا لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما سارد بوو بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی واشنتۆن لەگەڵ دەسەڵاتی شیعەی ئیراندا کردی کە عەرەبستانی سعودیەی سوننە دژی بوو. عەرەبستانی سعودیە و ئێڕان بەرهەڵستی هەرێمین و پشتیوانی لە لایەنی جیاواز دەکەن لە شەڕەکانی سوریا و یەمەنەدا.

پەیوەندیەکانی نێوان ڕیاز لەگەڵ واشنتۆن لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی ترامپدا بەهێزی پێوە دیارە. شا سەلمان کوڕە هەرە بەهێزەکەی، شازادە محەمەد بن سەلامان کە وەزیری بەرگریشە، لە مانگی ڕابوردوو نارد بۆ کۆشکی سپی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا.

XS
SM
MD
LG