Accessibility links

پێنس: ئەمەریکا دڵنیایە چین فشار دەخاتە سەر کۆریای باکور تا دەستبەرداری بەرنامەی ناوکی بێت


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دڵنیایە لەوەی کە چین کاری زیاتر دەکات تا کاریگەری بەسەر کۆریای باکوردا هەبێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامەی چەکی ناوکی بێت.

پێنس ئەم قسانەی ڕۆژی شەممە لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئوسترالیا مالکۆلم تورنبەڵ.

ئەمەریکا و ئوسترالیا فشاریان خستۆتە سەر چین تا بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت و کاریگەری زیاتری هەبێت بەسەر کۆریای باکوردا بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکەی.

پێنس گوتیشی بەرنامەی موشەکی بالاستیکی پیونگیانگ " دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ئەم هەرێمە و ڕەنگە ببێتە مەترسی بۆسەر خاکی وڵاتە یەکگرتووەکانیش."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە یەکەم کاربەدەستی باڵای حکومەتەکەی ترامپە کە سەردانی ئوسترالیا بکات گوتیشی " جیهان زیاتر لە 25 ساڵە دەبینێت کۆریای باکور بەردەوام لەسەر ئەو ڕێگایە دەڕوات و ئەمەش مایەی قبوڵ کردن نیە".

پێنس گوتیشی گروپێکی هێرش بەری فڕۆکە هەڵگر بە ڕێبەرایەتی USS Carl Vinson ، کە بەرەو ئاوی نیمچە دورگەی کۆریا بەڕێ کەوتن لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەنە ناو دەریای ژاپۆن.

تورنبەڵ گوتی چین کاریگەری ئابوری بەکار دەهێنێت تا فشار بخاتە سەر کۆریای باکور.

لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئوسترالیا پێنس ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ئەمەریکا ڕێز لە بەرنامەی مشتومڕ لەسەری پەنابەران دەگرێت لەگەڵ ئوسترالیا کە بە پێی ئەو بەرنامەیە دەبێت 1250 پەنابەر لە ئەمەریکا نیشتەجێ بکرین. سەرۆک ترامپ ڕێککەوتنی پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆبامای بە ناژیرانە لە قەڵەم دا.

XS
SM
MD
LG