Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا: ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچییەک بێت بەرز دەنرخێندرێت


پاش دەنگدانی لە شاری ئیزمیر " بینالی یەلدرەم " سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند ئەنجامی ئەم ڕیفراندۆمە مێژوییە هەرچییەک بێت ، ئەنجامەکەی بەرز دەنرخێندرێت و گوتیشی "ئەمڕۆ لە هەموو کونجێکی 81 پارێزگاکانمان و لە قەزا و لە گوندەکانی وڵاتەکەماندا هاوڵاتیانمان بە شیوەیەکی ئاشتیانە و برایانە و شارستانیانە دەنگی خۆیان و بڕیاری خۆیان دەدەن. ئێوارەی ئەمڕۆش ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەزانرێت و پاشان بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن. جا دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکە هەر چییەک بێت ئەوا ئێمە ئەوپەڕی ڕێزی لێدەگرین، ئەو بڕیارە دەدەین کە هاوڵاتیانمان هەڵی دەبژێرن."

ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشەممە بە هەرە گرنگترین دەنگدان لە مێژوی کۆماری تورکیادا لەقەڵەم دراوە. تارق ئۆنەر دەنگدەرێکی تورکی تەمەن 36 ساڵان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە دەنگ دەدەین و هیوای ئەوپەڕی چاکی بۆ نیشتمانەکەمان و ئایندەکەی دەخوازین. خوازیارین هەموو کەسێک ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن. هیوای ئاسودەیی بۆ هاوڵاتیانمان و ئایندەی وڵاتەکەمان دەخوازم".

هاوکاتی ئەوەی ڕاپرسیەکان ئاماژە بە جیاوازیەکی کەم بۆ دەنگی بەڵی دەدەن ، بەڵام مانەوەی دەنگی زۆری بەڵێ بەندە لەسەر چەند هۆکارێک. مەهمەت سەیار دەنگدەرێکی لە شاری دیاربەکر دەڵێت "هیوادەخوازم دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەماندا بێت لەبەر ئەوەی ئەم ڕیفراندۆمە ئایندەی ڕۆڵەکانمان دیاریدەکات. یەزدان پشت و پەنای خۆمان و وڵاتەکەمان بێت."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیبە ئەردۆغان دەڵێت چاکسازی حوکمڕانێکی بە توانا و باش دروست دەکات. ئەوەی دەرفەت دەدات بە تورکیا بەرەنگاری ئاستەنگەکانی شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها خاوبونەوەی ئابوری وڵات ببێتەوە.

گۆڕانکاری دەستوری لە تورکیا کۆتایش بە بێلایەنی فەرمی سەرۆک دەهێنێت و رێگەی پێدەدات سەرۆکایەتی پارتێکی سیاسی بکات، هاوکات سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیشی دەبێت و دەسەڵاتی زیاتری دەبێت بۆ دانانی دادوەرانی دادگای باڵای تورکیا، لەوانە دادگای دەستوری.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:02 0:00

XS
SM
MD
LG