Accessibility links

کۆریای باکور بە تاقیکردنەوەیەکی سەرەنەکەوتوانەی موشەک بەرەنگاری ئەمەریکا دەبێتەوە


کۆریای باکور ڕۆژی یەکشەممە تاقیکردنەوەیەکی سەرنەکەوتووی موشەکی ئەنجام دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاد بووونی هۆشدارییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە دەڵێت ئەم کردارە وروژێنەرانەی کۆریای باکور دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە لە ناویاندا شیانی وەڵامی لەشکریش.

ڕاوێژکارێکی ڕێبازی دەرەوەیی کۆشکی سپی گوتی ئەو جۆرە موشەکەی کە کۆریای باکور هەوڵی دا لە ڕۆژی یەکشەممە تاقی بکاتەوە موشەکی مەودا مامناوەندی بوو و 4 بۆ 5 چرکە پاش هەڵدانەکەی لە نزیک بنکەی دەریایی سینپۆ لە باشوری هەرێمی هامجیۆنگ لە کەناری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە تەقییەوە.

بە پێی قسەکانی ئەو ڕاوێژکارەی کە لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس گەشتەکەی کردووە، ئەمەریکا زانیارییەکی باشی هەبووە پێش هەڵدانەکەو پاش هەڵدانەکەشی. چاوەڕوانی هیچ وەڵامێکی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ناکرێت لەم کاتەدا چونکە هیچ پێویست ناکات ئەمەریکا وەڵامی شتێکی سەرنەکەوتوو بداتەوە.

ئەو کاربەدەستەی کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت گوتیشی ئەگەر ئەمە تاقیکردنەوەی ناوکی بوایە ئەوا ئەمەریکا بەرپەرچی دەدایەوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند جێگری سەرۆک مایک پێنس لە سەرنەکەوتنی ئەو موشەکە ئاگادار کراوەتەوە و لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپدا لە پەیوەندیدا بووە.

مایک پێنس ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشور بۆ دەستپێکردنی گەشتە 10 ڕۆژییەکەی بۆ ئاسیا. هاوسەرەکەی و دوو کەچەکەشی لەگەڵیدان.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەمس ماتس دوابەدوای تاقیکردنەوەی موشەکەکە بەیاننامەیەکی دەرکرد و گوتی " سەرۆک و دەستەی لەشکری ئاگاداری دوایین هەڵدانی سەرنەکەوتوانەی کۆریای باکورن. سەرۆک هیچ لێدوانێکی تری نییە لەو باریەوە".

ئەو موشەکەی ڕۆژی یەکشەممە بە پێی ڕاپۆرتان موشەکی کشوەربڕ نەبووە ئەوەی کە سەرۆک ترامپ هۆشداری دا کە ڕێگە نادات ئەوە تاقی بکاتەوە، لەبەر ئەوەی کۆریای باکور نزیک تر دەکاتەوە لە توانایی دروستکردنی موشەکی ناوکی مەودا درێژ کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG