Accessibility links

حەسەن ڕۆحانی: ئێران پێویستی بە مەوڵەتی هیچ کەسێک نییە تا موشەک دروست بکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئێران " مەوڵەت لە هیچ کەسێک وەرناگرێت بۆ ئەوەی توانایی موشەکی خۆی زیاد بکات".

لە کاتێکدا مانگی پێنج هەڵبژاردن لە ئێراندا دەکرێت و ڕۆحانی هەوڵ دەدات 4 ساڵی تری سەرۆکایەتی مسۆگەر بکات، ئەو دەخوازێت بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر ئەو قسانەی کە بەرهەڵستانی دەیەکەن و دەڵێن ڕۆحانی هەوڵێکی زۆر دەدات کە ڕۆژئاوا ڕازی بکات، ئەمەش پاش ئەوەی کە قایل بوو بە سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی بەرامبەر لابردنی سزاکان لەسەر ئێران.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەخنەی لە ڕێککەوتنەکە گرت و لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا گوتی بەرنامەی موشەکی ئێران ڕادەگرێت. پاش ئەوەی ئێران لە مانگی 1 دا موشەکی بالاستیکی نوێی تاقی کردەوە سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند ئێران " بە ئاگر یاری دەکات".

لە میانەی پێشانگایەکی کەرەستەی لەشکری کە لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران پەخش دەکرا، ڕۆحانی گوتی بەهێز کردنی توانایی هێزی لەشکری ئێران تەنها بۆ بەرگری کردنە لە وڵاتەکە و ئێمە لە هێچ کەسێک مەوڵەت وەرناگرین بۆ پەتەوکردنی هێزەکانمان و بۆ دروستکردنی موشک و فڕۆکەی جەنگی.

ڕۆحانی گوتی "ئێران هەرگیز مەبەستی شەڕانگێزی نەبووە بەڵام ئاشتی ڕێگایەکی یەک لایەنە نییە و ئەگەر ئێمەش بڕیار بدەین ئاشتیخواز بین ڕەنگە لایەنەکی تر وا نەبێت. جا بۆیە پێویستە بەهێز بین".

XS
SM
MD
LG