سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممە لە دووا کۆبونەوەی جەماوەریدا بۆ هەڵمەتی دەنگی ئەرێ بە ڕیفراندۆم، داوای لە پشتیوانانی کردەوە بچنە سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی ئەرێ بدەن.
ڕاوەرگرتنە گشتییەکان نیشان دەدەن بە جیاوازییەکی کەم دەنگی ئەرێ لە پێشە بۆ ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشممە سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی دەگۆڕێت بە سەرۆکایەتییەکی بەهێز، ئەو هەنگاوەی کە ئەردۆغان دەڵێت پێویستە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ئاسایش و ئاستەنگە سیاسییەکانی کە تورکیا دووچاری دەبێتەوە.
بەرهەڵستانیشی دەڵێن ئەمە هەنگاوێکە بەرەو زیاتر تاکڕەویی لەو وڵاتەی کە 40 هەزار کەس تیایدا دەستگیر کران و زیاتر لە 120 هەزار کەس لە کارەکانیان لابران دووابەدوای هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی کودەتا دژ بە ئەردۆغان لە مانگی 7 ی ڕابوردوودا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەخنەی توندیان لە شێوازی بەرپەرچدانەوەکەی ئەردۆگان گرت، و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، کە چەندان ساڵە تورکیا هەوڵ دەدات بچێتە ناو ئەو یەکێتییە، گەیشتە خراپترین ئاست کاتێک لە میانەی هەڵمەتەکانیدا ئەردۆغان ڕێبەرانی ئەوروپای وەکو نازی ناودێر کرد بۆئەوەی ڕێگایان نەدا هەڵمەتی ڕیفراندۆم لە وڵاتەکانیان ئەنجام بدات.
ئەردۆغان هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی دا ئەگەر یەکێتی ئەورپا بەرنامەی هاتوچۆکردنی بێ ڤیزا بۆ تورکیا جێگیر نەکات ئەوا ڕەنگە تورکیا پێداچوونەوە بەسەر ئەو ڕێککەوتنەیدا بکات کە ڕۆشتنی کۆچبەری بەرەو ئەوروپا سنووردار کردووەکە زۆربەیان بەهۆی شەڕی عێراق و سوریاوە هەڵدێن بۆ وڵاتانی ئەوروپا. لە کۆبونەوە جەماوەرییەکەی ڕۆژی شەممەیدا لە ئەستەنبوڵ ئەردۆگان ئەم پێشنیازەکانی گۆڕینی دەستووری بە گەورەترین گۆڕانکاری لە تورکیا لە قەڵەمدا لەو کاتەوەی وڵاتەکە نیکەی سەد سالە لەمەو بەر دامەزراوە.
ئەردۆغان گوتیشی ڕۆژی یەکشممە دەبێتە وەرچەرخانێک لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوە تیرۆرستیەکاندا. لەم 16 ی مانگی چوارە دا ئەوە تەواو دەکەین کە لە 15 ی مانگی 7 دەستمان پێکرد."