کۆریای باکور ڕۆژی هەینی تاقیکردنەوە ناوکییەکەی ئەنجام نەدا، پاش ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەیەکی لەشکری ڕژدی بۆ ناوچەکە ڕاگەیاند و چینیش کۆت و بەندی زیاتری ئابوری خستە سەر ئەو هاوپەیمانەی کە بۆ مەسەلەی ئابوری پشتی پێ دەبەستێت.
لە بری ئەوە ڕێبەری کۆریای باکور کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتی مانۆڕێکی لەشکری کرد بۆ یادکردنەوەی 15 ی مانگی 4 کە ڕۆژی لە دایک بوونی دامەزرێنەری وڵاتەکەی کیم ئیل سۆنگە. ئەمڕۆژە بە گرنگترین جەژنی وڵاتەکە دادەنرێت و پێ دەوترێت ڕۆژی خۆر.
هەڵاتوویەکی کۆریای باکور و شارەزای سیاسی ئاهن چان ئیڵ لە ئینستتوتی نێونەتەوەیی بۆ زانیاری لەسەر کۆریای باکور، دەڵێت " کیم جۆن ئون بەرنامەی شەڕکردنی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبوو بەڵام وازی لە بەرنامەکە هێنا".
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی کۆریای باکور ڕۆژی هەینی بەیانـنامەیەکی لەشکری بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا کەوتووەتە هەڕەشەکردن لە وڵاتەکەیان و ئەگەر بێت و هێرش بکرێتە سەر پـیۆنگیانگ، ئەوا بنکەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشور و کۆشکی شین (کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشور) لە ماوەی چەند خولەکێـکدا وێران دەکرێن.
هەروەها گوتیشی کەشتی فڕۆکە هەڵگری USS Carl Vinson ی ئەمەریکا کە بە وزەی ناوکی کاردەکات و لە ئێستادا لە ئاوەکانی نیمچە دورگەی کۆریایە، هێرشی بێ بەزەیـیانەی دەکرێتە سەر.
هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیش ڕێگەگرتن لە بەدەستهێنانی موشەکی ناوکی دوورهاوێژی کۆریای باکوری کردووە بە ئەرکی سەرەکی.