Accessibility links

ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵی ڕوسیا لە هێرشەکەی سوریا بە گازی ژەهراوی دژ بە خەڵکی سیڤیل دەکات


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ڕەنگە ڕوسیا یارمەتی ئەسەدی دابێت لە هێرشە کوشندە کیمیاییەکەی پارێزگای ئیدلبدا کە بوو بەهۆی کوشتنی زیاتر لە 80 کەس.

ڕۆژێک پاش هەڵدانی 59 موشەکی تۆماهاک بۆ بکەی ئاسمانی شاعراتی سوریا، ئەو شوێنەی کە هێرشە کیمیاییەکەی لێوە کرابوو، کاربەدەستانی باڵای لەشکری ئەمەریکا دەڵێن ئەوان بەو بەڵگانەدا دەچنەوە کە ڕژێمی ئەسەد بە تەنها ئەم کارەی نەکردووە. کاربەدەستێکی باڵای لەشکری بە پەیامنێرانی پەنتاگۆنی ڕاگەیاند " پێمان وایە کە باش دەزاین کێ پشتیوانی کردووە". ئەو کاربەدەستە گوتیشی زۆر بە وریاییەوە دەڕواننە هەر بەڵگەیەکی کە گوزارشت لەوە بکات ڕوسیا پێشتر ئاگاداری ئەو هێرشەی گازی سارینی ڕۆژی سێشەمەم بووە یان هاوکاری هێزەکانی حکومەتی سوریای کردووە.

ئەم لێدوانانەی پەنتاگۆن دوابەدوای زنجیرەیەک ڕەخنەی واشنتۆن بوو لەسەر ڕۆڵی ڕوسیا لە سوریا کە لە هەندێکیاندا مۆسکۆ تاوانبار دەکات بەوەی کە هەوڵ دەدات گومان بڵاو بکاتەوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن سوریاوە بە هاندانی هەواڵی نادروست.

کاربەدەستێکی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دیمەشق و مۆسکۆ ئێمەیان دڵنیا کردەوە لەوەی هەمو چەکەکان لابراون و لەناو براون". ئەو کاربەدەستە باسی لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2013 کرد بۆ لەناوبردنی عەمباری چەکی کیمایی سوریا.

ئەو کاربەدەستە گوتیشی "ڕوسیا ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە یان دەبێت بەرپرسیارێتی دڵنیاکردنەوەکە بگرێتە ئەستۆ بۆ لەناوبردنی چەکەکان کە ڕوسیا بەڵێنی دابوو بیکات، و یان دەبێت دانبەوەدا بنێت کە توانایی نییە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد کۆنترۆڵ بکات".

ئەو کاربەدەستەی پەنتاگۆن ئامادە نەبوو هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ پێشکەش بکات سەبارەت پەیوەندی ڕوسیا بە هێرشەکەی 4 ی مانگی 4 وە لە ناوچەی خان شێخون. هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد یەکەیەکی ئاسمانی لەشکری ڕوسیا لە هەمان بنکەی سەربازین کە هێرشەکەی لێوە کراوە، و هێزەکانی ڕوسیا لە سوریا بەوە بەناوبانگن کە شارەزاییان لە کیماییدا هەیە.

XS
SM
MD
LG