Accessibility links

ڕاگرتنی ڕێککەوتنی هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا لە ئاسمانی سوریا لەلایەن ڕوسیاوە، مەترسی پێکدادان زیاد دەکات


ڕوسیا هێرشەکەی ئەمە‌ریکای بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریای شەرمەزار کرد، و دەڵێت ئەمە بەرگری ئاسمانی زیاتری سوریای لێدەکەوێتەوە وەکو کاردانەوە.

ڕوسیا ئەو هێرشەی بە سەرپێچی کردن لە سەروەری وڵاتێک و

سەرپێچی کردن لە یاسای نێونەتەوەیی لە قەڵەم دا. گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا دمتری پسکۆڤ ڕایگەیاند هێرشە موشەکییەکانی ئەمەریکا یارمەتی ملیتانە ئیسلامییەکانی داوە کە لە سوریادا چالاکن، لە ناویاندا ئەوەش کە پێیان دەڵێن گروپی دەوڵەتی ئیسلامی و بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە.

پسکۆڤ گوتیشی " ئێمە هێشتا نازانین بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە واشنتۆن دەیەوێت بگات بە چ ئامانجێک، بەڵام بە ڕوونی دیارە ئەو هێرشانەی ئەنجام دران لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرەی نوسرەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانی ترە".

مۆسکۆو دیمەشق دەڵێن ئەو بنکە ئاسمانییە بۆ هێرشکردنە سەر گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا بەکار دەهات. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دەڵێت ئەو بنکەیە بۆ هێرشە کیمیاییەکەی ڕۆژی سێشەممە بەکار هاتووە کە کرایە سەر پارێزگای ئیدلب و ژمارەیەک کەسی سڤیلی تێدا کوژران لە ناویاندا ژمارەیەک منداڵیش.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانی ئەو هێرشەی دا وەکو وەڵامدانەوەیەکی لەشکری دژ بەو هێرشە کیمیاییەی کە کرایە سەر کەسانی سیڤیل.

ڕوسیاش پشتیوانی لە حکومەتی سوریا دەکات و دەڵێت ئەو گازە ژەهراوییە لەو چەکە کیماییانەوە دەرچووە کە لەلایەن سەرهەڵداوانی سوریاوە لە چەند باڵەخانەیەک عەمبار کرابوون و لە میانەی شەڕەکەدا لە ناو بران.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی هەینی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو ڕایگەیاند کە واشنتۆن بەر لە دەرکەوتنی قوربانیانی چەکی کیمیایی لە ئیدلیب پلانی ئەم هێرشەی سەر سوریای دانابوو.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕێککەوتنی پاراستنی ئاسمانی لەگەڵ واشنتۆن بۆ سوریا ڕاگرت.

ئەم ڕێککەوتنەی، کە مەترسییەکانی ڕووداوی بەهۆی هاوکاری کردنی ڕێگاکانی فڕۆکەکان کەم دەکردەوە، پاش مانگی 9ی ساڵی 2015 ئەنجام درا کاتێک مۆسکۆ دەستی کرد بە هەڵمەتی بۆردومان کردنی سەرهەڵداوان و گروپە جیهادییەکان بۆ پشتیوانی کردن لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد.

دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی ڕوسیاش لە کاتێکدا بوو کە فڕۆکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی کەنداوەوە چەند ساڵێک بوو بۆردومانی جیهادییەکانیان دەکرد لە سوریا. تێکەڵ بوونی ئەم هێرشانەش شیانی مەترسی ڕوودانی زیاد دەکرد.

ئێستاش ڕاگرتنی ئەو ڕێککەوتنە مەترسییەکانی پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان هێزەکانی ڕوسیاو هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا زیاد دەکات.

سوریا دەڵێت چەند سەربازێک و کەسانی سیڤیل لەو هێرشەی ئەمەریکادا کوژراون کە ژمارەیەک فڕۆکە و باڵەخانەی لەو بنکە ئاسمانییەدا لەناو برد.

هیچ ڕوسیاییەک زیانی پێ نەگەیشتووە و کرملن خۆشی پشتڕاستی کردەوە کە ئەمەریکا بەر لە هێرشەکە ئاگاداری کردۆتەوە تا ڕوسیاییەکان لەوێ لاببات.

سەرەڕاسی هەبوونی سیستەمی دژە موشک لە سوریا و کاتی هۆشداری دانەکە، وا دیارە ڕوسیا هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ ڕێگری کردن لە موشکەکانی ئەمەریکا، ئەمەش چەندین پرسیاری لێ کەوتۆتەوە. ئایە ڕوسیا بۆچی نەیویستووە لەو کاتەدا بەرگری لە ئەسەد بکات؟ یان ڕێگەگرتن لەو موشەکانە ئاسان نەبوو؟.

XS
SM
MD
LG