Accessibility links

تیلەرسن بەشداری کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات سەبارەت بە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن دواتر لەم مانگەدا بەشداری کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بە کێشەی ئەتۆمی کۆریای باکوور.

باڵێۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هێڵی بە ڕۆژنامەنووسانی وت کۆبوونەوەکەی تیلەرسن لە 28ی مانگی چواردا دەبێت دوای کۆبوونەوە لوتکەکەی ئەم هەفتەیەی سەرۆک ترامپ و سەرۆکی چین شی جینگ پینگ لە فلۆریدا.

هێڵی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی " پێم وایە زۆر شت بەستراوە بەوەی کە ئێستا و لەکۆتایی مانگدا چی ڕوودەدات، چونکە ئەو گفتوگۆیانەی ئێمە ئەنجامیان دەدەین و ئەو بڕیارەی چین کە دەبێت بیدات، ئەوە بەڕاستی دیاری دەکات ئەمەریکا دەیەوێت بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕوات."

هێڵی وتی کۆبوونەوە لوتکەکەی نێوان دوو سەرۆکەکە زۆر زۆر گرنگ دەبێت لە زۆر ڕووەوە بەڵام بەتایبەتی لەسەر بابەتی ئەتۆمی کۆریای باکوور.

کۆریای باکوور لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا پێنج جار مووشەکە بالیستییەکانی تاقیکردۆتەوە و شارەزایان پێیان وایە لەوانەیە بەمزووانە شەشەم تاقیکردنەوە ئەنجام بدرێت لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

هێڵی بەردەوام بوو لە لێدوانەکانی و وتی " پێم وایە ولاتە یەکگرتووەکان وا بۆ 25ساڵ زیاتر دەچێت چین دەبینێت و دەڵێن کە وا نیگەرانن سەبارەت بە کۆریای باکوور، بەلام ئێمە ئەوانمان نەبینیوە جارێک شتێک بکەن سەبارەت بەو نیگەرانییەی هەیانە لەسەر کۆریای باکوور،پێم وایە ئەم بەڕێوبەرایەتییە دەیەوێت چین ببینێت کرداری هەبێت وە پێشم وایە فشاریان دەخەنە سەر هەتاکوو وایان لێدەکەن ئەو کارە بکەن."

وتی هیوادارە چین بەباشی وەڵامیان بداتەوە هەروەها وتی "ئەوە ئامانجی کۆتایی ئەم هەفتەیەیە، کە وا بکەین چین دەریبخات کە دەیانەوێت شتێک بکەن سەبارەت بە کۆریای باکوور چونکە ئێمە دەزانین تەنها وڵات کە کۆریای باکوور وەڵامی بداتەوە چینە."

شایەنی باسە لەماوەی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزدا وتی ئەگەر چین کێشەی کۆریای باکوور چارەسەر نەکات ئەوا ئێمە چارەسەری دەکەین.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەکەی وت " چین کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بەسەر کۆریای باکوورەوە، وە چین بڕیار دەدات کە یارمەتیمان بدات لەگەڵ کۆریای باکووردا یاخوود نا، وە ئەگەر یارمەتیمان نەدەن، ئەوا ئەوە بۆ هیچ لایەک باش نابێت."

هێڵی وتی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک ترامپ و شی لەسەر کێشە ئابوورییەکانیش دەبێت بەڵام چۆنێتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە تەواو بەندە بە گفتوگۆکانییانەوە سەبارەت بە کۆریای باکوور. هەروەها وتیشی " سەرۆک تەواو ڕوونی کردۆتەوە کە پێویستیەتی کردار ببینێت لە چینەوە."

سەرچاوە /VOA

XS
SM
MD
LG