حەماسی دەسەڵاتداری غەززە ڕۆژی یەکشەممە سنووری سەرەکی ناوچەکەی لەگەڵ ئیسرایل داخست دوابەدوای کوشتنی ملیتانێکی باڵای ڕێکخراوەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حەماس ئەیاد ئەلبۆزوم گوتی دەروازەی ئەرزی سنووری بە تەواوەتی بۆ هاتووچۆی هەردوولا دادەخرێت هەتا بڕیاری داهاتوو.
ئەم هەنگاوە دەگمەنە پاش ئەوە بوو کە شەوی هەینی ملیتانێکی باڵای حەماس مازن فەقحە لە دەروازەی چوونە ناو شاری غەززە بە کوژراوی دۆزرایەوە. گروپی ملیتانی ئیسلامی حەماس کە فەرمانڕەواێتی غەززە دەکات ڕایگەیاند ، فەقحە چوار گولە بە دەمانچەی بێدەنگ لە سەری دراوە و ئیسرائیلی بە کوشتنەکەی تاوانبار کردووە بەبێ خستنە ڕووی هیچ بەڵگەیەک.
لەو کاتەوە حەماس دەیان خاڵی پشکنینی لە سەرانسەری کەرتی غەززە داناوەو کە شۆفێرەکان ڕادەگرن و داوای ناسنامەیان لێدەکەن. داخستنی سنووری ئەرز ڕۆژنامەوانان، کارمەندانی هاریکاری و ئەو نەخۆشانەش دەگرێتەوە کە پێویستیان بە چارەسەری هەیە لە ئیسرائیل.
فەقحە کە 9 جار سزای زیندانی هەتا هاتای دراوە بە تاوانی پلاندانان بۆ هێرشی خۆکوژی دژ بە ئیسرائیلییەکان، لە ساڵی 2011 ئازاد کرا لەگەڵ 1 هەزار کەسی تر وەکو بەشێک لە گۆڕینەوەی زیندانیان لەگەڵ سەربازی ئیسرائیلی گیلاد شالیت.
ڕۆژی شەممە هەزاران کەس لە پشتیوانانی لە ناویاندا ڕێبەرە باڵاکانی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە بەشدارییان لە مەڕاسیمی بەخاک سپاردنەکەی کرد و پەیمانی تۆڵە سەندنەوەیان دا.
هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو کوشتنە نەداوە.