کاربەدەستێکی ناوخۆ ڕایگەیاند لە ئەنجامی تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەسەر شەقامێکی قەرەباڵغی شاری تکریتدا 8 کەس کوژراون و زیاتر لە 50 کەسی دیکە بریندار بوون.
ئوتومبێلەکە لەسەر شەقامی ئەلئەتیبا (الأطباء) وەستابوو کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری تکریتەوە و هەمیشە ئەو شوێنە قەرەباڵغە بەهۆی زۆری کلینیکی تەندروستی لە شوێنەکەدا.
شایەنی باسە هیچ لایەنێک یەکسەر بەرپرسیارێتی لەسەر هێرشەکە ڕانەگەیاند هەرچەندە ڕێکخراوی داعش پێشتر هێرشی لەوشێوەیەی ئەنجامداوە کە ئێستا لە شەڕێکی قورسدایە دژی هێرشەکانی سوپای عێراقی لە شاری موسڵ کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر دوورە لە تکریتەوە.
جەمال عەکابی بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای سەڵاحەدین وتی " هەشت کەس کوژراون و 52 کەسی تر بریندار بوون لە هێرشێکدا بۆ سەر شەقامی پزیشکان."
هەروەها هەشتی مانگی سێ لە زنجیرەیەک تەقینەوەدا لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە نزیک تکریتەوە 20 کەس بوونە قوربانی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز