Accessibility links

گومانی بەکارهێنای چەکی کیمایی لە موسڵ


لە بەیاننامەیەکی کە لە ڕۆژی شەممە بڵاو کراوەتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری ئەوە دەدات ئەگەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە موسڵ پشتڕاست بکرێتەوە، دەبێتە تاوانی شەڕ و سەرپێچیکردنێکی ڕژدی یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی.

لیسا گراندێ ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە عێراق دەڵێت " ئەمە شتێکی ترسناکە و هیچ پاساوێک نییە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی".

ئەو هێرشە گوایە لەم هەفتەیە لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ ئەنجام دراوە، ئەو ناوچەیەی کە لە مانگی 1 هێزەکانی عێراق ڕایانگەیاند کە بەتەواوەتی ئازاد کراوە. هێرشەکە کراوەتە سەر گەڕەکێکی سەر ڕووباری دیجلە کە شارەکە دەکاتە دوو بەشەوە.

پزشکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی نزیک شاری هەولێر دەڵێن لە ڕۆژی پێنجشەممە چەند نەخۆشێکیان پێ گەیشتووە کە نیشانەکانی چەکی کیمیاییان پێوە دیار بووە.

نازم حەمید کە منداڵەکانی دەموچاویان و دەستو قاچیان سوتابوو دەڵێت " هاوەنێک بەر ماڵەکەمان کەوت، ڕێک بۆ ناو هۆڵی دانیشتنەکەمان ". ئەو خێزانە لە نەخۆشخانەی هەولێر چارەسەرییان بۆ دەکرێت.

ئەو گوتیشی " بۆنێکی زۆر ناخۆش هات، لە بۆنی گاز دەچوو، کاری کردە سەر منداڵەکانم هەندێکیان جەستەیان سوتا و هەندێکیشیان تەنگەنەفەس بوون."

حسێن قادر جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت هەر 10 نەخۆشەکەی کە لە نەخۆشخانە هێڵرانەوە ئێستا ڕەوشی تەندروستیان جێگیرە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەچنەوە ماڵەوە.

بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای شاری موسڵ هێشتا لە دەستی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دایە سەرەڕای پێشوەچوونی بەرچاوی ئەمدواییانەی هێزەکانی عێراقی لە کەناری باشوری ڕۆژئاوای شارەکە.

بە پێی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابوردووی IHS، گروپێکی کۆکردنەوەی زانیارییەکان بنکە لە لەندەن، داعش بەلایەنی کەم 52 جار لە عێراق و سوریا چەکی کیمایی بەکار هێناوە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەلایەنی کەم 19 لەو هێرشانەی لە دەوروبەری موسڵ ئەنجام داوە.

کاربەدەستانی عێراق و هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا بە بەردەوامی نیگەرانیان لەمەڕ هێرشی کیمایی داعش دەربڕیوە.

هێزی عێراقی لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابوردوو ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵی ڕاگەیاند و پاش ڕزگارکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی شارکە لە مانگی ڕابوردوو ئۆپەراسیۆنی بەشی ڕۆژئاوای شارەکەی ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG